گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی.. دەستكراوەیی زیاتری تیمی حكومی و خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی

پێشتر تیمی یەكێتی لە حكومەت گلەیی ئەوەیان دەكرد، لە سنووری سلێمانی گرفت بۆ بڕیار و هەنگاوەكانیان دروستدەكرێت

ئەو گۆڕانكارییانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریلێداوە ئەنجامیان بدات بۆ ڕێكخستنەوەی كاروبارە حزبی و ئیدارییەكان لە سنووری سلێمانی، چاوەڕوانیی “دەستكراوەیی زیاتر و كەمبوونەوەی لەمپەڕەكانی بەردەم تیمی یەكێتی لە حكومەتی لێدەكرێت، لەوێشەوە خزمەتكردنی زیاتری سنووری سلێمانی و خەڵكەكەی”.

سەرچاوەیەكی باڵای تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و هەڵوەستەی لەسەر ئەو گۆڕانكارییە ئیداری و حزبییانە كرد كە دەستیانپێكراوە.

پێشتر تیمی یەكێتی لە حكومەت گلەیی ئەوەیان دەكرد، لە سنووری سلێمانی گرفت بۆ بڕیار و هەنگاوەكانیان دروستدەكرێت، بەشێك لە بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییەكان و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان پابەندی ئەو بڕیارانە نەدەبوون، كە حكومەت دەریدەكردن.

سەرچاوە باڵاكەی تیمی یەكێتی لە حكومەت ڕایگەیاند، ئەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ بڕیارەكانی تیمی یەكێتی لە حكومەت لەلایەن هەندێك لەو بەرپرسانەی سەر بە خودی حزبەكە بوون، گرفتی زۆری بۆ دروستدەكردن، نەك هەر دەبوونە لەمپەڕ لەبەردەم كاری ئاسایی حكومەت و هاوحزبەكانیان، بەڵكو زۆرجار بە زیانیش بەسەر خودی سنوورەكە و هاوڵاتییان دەشكانەوە.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا سەرەتای ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكانە و دەرەنجامەكانی بەڕوونی دەرنەكەوتوون، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەو هەڵمەتی ڕێككردنەوەیەی یەكێتی دەستیداوەتێ، نەك تیمی حزبەكە لە حكومەت بەهێزتر بكات، بەڵكو كاریگەرییەكانی لەسەر خزمەتگوزاری و كاروبارەكانی سنوورەكەش هەبێت، بەتایبەت پرسی كەمكردنەوەی قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەكان، باشتر كۆكردنەوەی داهاتەكانی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و بەكارهێنانەوەیان بۆ موچە و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

سەرچاوەكەی تیمی یەكێتی لە حكومەت گەشبینبوو بەوەی گۆڕانكارییەكان بەقازانجی بەهێزتركردنی تیمی یەكێتی و تەنانەت ئەو حزبانەی دیكەش بێت، كە لە سنووری سلێمانین و لە حكومەتی هەرێمدا بەشدارن، ئەو زیاتر ڕوونكردنەوەی لەسەر پرسەكە دا و وتی، ناكرێت لە حكومەت بەشدار بیت، بەڵام ئەم ئیمتیاز و خاڵە بەهێزە بەكارنەهێنیت بۆ خزمەتكردنی خەڵك، یان ڕێگری هەبێت بۆ بەكارهێنانی تەواوی تواناكان لە گەیاندنی خزمەت و پرۆژەی زیاتر بە هاوڵاتیان و خەڵكی سنوورێكی دیاریكراو، كە “بڕیارە تۆ نوێنەرایەتییان بكەیت”.

نوێنەرەكەی یەكێتی لە حكومەت لەگەڵ ئەوەدا بوو، كە “بەشداریی حكومەتت كرد، وەك خۆی بەرپرسیارێتییەكە بخوێنیتەوە و تێبگەیت لەوەی ئامانج لەو هەنگاوە، خزمەتگەیاندنە بە خەڵك، نەك لەو ڕێگەیەوە و بە دروستكردنی لەمپەڕ و گرفت، ململانێی هێزی دیكە بكەیت، یان گرفت بۆ خودی تیمی حزبەكەت و هاوحزبەكانت لە دامەزراوەكان دروستبكەیت لە حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە”.

سەرچاوە باڵاكە ڕاشیگەیاند، تیمی یەكێتی و تەنانەت تیمی حزبەكانی دیكەش، لە حكومەتدا تەنها نوێنەرایەتیی حزب یان دەنگدەرانی خۆیان ناكەن، بەڵكو نوێنەرایەتیی تەواوی خەڵك دەكەن، بۆ نمونە یەكێتی لەڕێگەی تیمەكەیەوە لە حكومەتدا نوێنەرایەتیی تەواوی خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش سنووری سلێمانی دەكات و هەر ڕێگرییەك لە كاركردنی تیمەكە و مومارەسەكردنی دەسەڵاتەكانی، ڕێگرییە لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و سنوورەكە.

نەیشاردەوە، نەگەڕاندنەوە و قۆرخكردنی داهات، قاچاخچێتی و زیانگەیاندن بە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و زۆر سەرپێچی و ڕێگریی دیكەش، زیانی زۆریان بەم سنوورە گەیاند و بێبەشیانكرد لە خزمەتگوزاریی زیاتر، بۆیە گەشبینبوو بەوەی چیتر سەردەمێكی نوێ بۆ سنوورەكە دەستپێبكات.

بابەتی پێشتر

هەوڵی سوتاندنی نەخۆشخانەیەك لە نەجەف پوچەڵكرایەوە

بابەتی دواتر

ئیمارات: هیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان وڵاتانی ئۆپیك پڵەس نەكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share