فەلسەفەکەم

پەرەسەندنی فەلسەفەکەم لەم ڕووداوەوە دەستیپێکرد کە ئێستا باسی دەکەم: ژنەکەم داوەتی یەکەم کێکی سۆوفڵی کردم کە دروستیکردبوو، بە هەڵکەوت کەوچکێک لە کێکەکەی بەسەر پێمدا کەوت و چەند ئێسکێکی پێمی شکاند. ئیتر پزیشکیان بۆ بانگ کردم و دوای پشکنینی ئێکسڕەی و پشکنینی دیکەی پزیشکی، داوام لێکرا بۆ ماوەی مانگێک لە جێگەدا بمێنمەوە. لەو ماوەیەدا کە لە جێدا مابوومەوە، دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبی هەندێک بیرمەندی دیار و مەزنی نێو شارستانیەتی ڕۆژاوایی – کتێبگەلێکی زۆر کە خستبوومنە لاوە تا بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەم بارودۆخە بێتە پێشەوە و کاتی ئەوەم هەبێت بیانخوێنمەوە. ئەگەر بە ڕیزبەندی باسیان بکەم؛ بە کیرگەگارد و سارتەر دەستمپێکرد و دواییش بەپەلە چوومە سەر سپینۆزا، هیوم، کافکا و کامۆ. ڕاستییەکەی بێزار نەدەبووم لە خوێندنەوەیان وەک دەترسام بێزار ببم لێیان؛ بەڵکو سەرسام بووبووم بەو چالاکی و تاسەیەی کە ئەم بیرمەندە مەزنانە بەبێ دوودڵی هێرشیان کردبووە سەر ڕەوشت، هونەر، ئاکار، ژیان و مەرگ. لە یادمە کاردانەوەم چۆن بوو بۆ ئەو تێبینییە ڕووناککەرەوەیەی کیرگەکارد کە تێیدا وتبووی: “پەیوەندییەک کە خۆی دەبەستێتەوە بە خۆیەوە (کە خودێک ئەو پەیوەندییە دروستدەکات) دەبێت یان خۆی ئەو پەیوەندییەی دروست کردبێت یان لەلایەن شتێکی ترەوە دروست بووبێت”. ئەم تێڕوانینە فرمێسکی زاندە چاوم. خوایە گیان! چ تێڕوانینێکی زیرەکانەیە! (من کەسێکم کێشەی ئەوەم هەیە دوو ڕستەی مانادار لەسەر ئەو ڕۆژە بنووسم کە چووم بۆ باخچەی ئاژەڵان). ڕاستە، بە تەواوی لە پەرەگرافەکە تێنگەیشتم، بەڵام مادام کیرگەگارد خۆشیی لە نووسینی بینیوە، ئەوە کەی کێشەیە؟ لەپڕ متمانەی ئەوەم بە خۆم هەبوو کە مێتافیزیک ئەوەیە کە بۆی دروست بووم کاری تێدا بکەم، ئیتر قەڵەمەکەمم هەڵگرت و یەکسەر دەستمکرد بە یاداشتکردنی یەکەم بیرکردنەوەی خۆم. نووسینەکەم زۆر بەخێرایی تەواو بوو، ئیتر دوای دوو ڕۆژ – ئەڵبەت بەو کاتانەشەوە کە سەرخەوم دەشکاند و یاریی نیشانەشکێنیم لەسەر ورچەپەڕۆیەک دەکرد- ئەو نووسینە فەلسەفییەم تەواو کرد کە هیوادارم یان تا دوای مردن، یان تا ساڵی ٣٠٠٠ (ئیتر هەر کامێکیان پێشتر هاتە پێش) ئاشکرا نەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە ئەم نووسینە فەلسەفییە جێگەیەکی سەنگینم لە نێو بیرمەندە گەورەکاندا بۆ دەکاتەوە. ئەمەش نموونەیەکە لە شاڕێکانی نامە هزرییەکەم کە بۆ نەوەی داهاتووی بەجێ دەهێڵم، یان هیچ نەبێت تا ئەو کاتەی باجییەکان نەهاتوونەتە سەری پاکی بکەنەوە.

ڕەخنەی ترسی پەتی

لە فۆرمەڵەکردنی فەلسەفەدا، یەکەم شت کە دەبێت لای لێ بکرێتەوە ئەم پرسیارەیە: دەتوانین چی بزانین؟ واتە دەتوانین لە چی دڵنیا بین دەیزانین، یان دڵنیاین کە زانیومانە، بێ گومان ئەگەر هەر هەمووی هەر زانراو بێت. یان ئایا هەر بە سادەیی لە یادمان کردووە و پێمان شەرمە هیچ بڵێین؟ دیکارت سەرەداوێکی لە کێشەکەدا دۆزییەوە و وتی: “ئەقڵم هەرگیز لەبارەی جەستەمەوە نازانێت، ئەگەرچی زۆر ئاشنایە بە قاچەکانم”. کاتێك دەڵێم شتێکی “شیانی زانین لە شتێکدا” مەبەستم ئەوە نییە کە لەڕێی هەستکردنی هەستەوەرەکانمانەوە دەزانرێت، یان ئەوەی لەڕێی ئەقڵەوە درکی پێدەکرێت، بەڵکو لەوە زیاترە و مەبەستم لەوەیە کە دەتوانرێت بگوترێت زانراوە یان زانراوی یان شیاوێتیی زانین لە شتەکەدا، یان بەلای کەمەوە شتێک کە دەتوانرێت بۆ هاوڕێیەکتی باس بکەیت.

هەر بە ڕاستی دەتوانین زانین لەبارەی گەردوونەوە دەست بخەین؟ ئەی هاوار خوایە، تەنانەت قورسە لە چایناتاوندا بزانیت بۆ کوێ دەڕۆیت. هەرچۆنێک بێت مەبەستەکە ئەوەیە: ئایا شتێکی لەوێدا هەیە؟ بۆچیش؟ ئایا پێویستە ئەوەندە دەنگەدەنگیان بێت؟ لە کۆتاییدا هیچ گومانی تێدا نابێت کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی “واقیع” ئەوەیە کە جەوهەری کەمە. مەبەستەکە ئەوە نییە کە هەر جەوهەری نییە، بەڵکو جەوهەری کەمە. لێرەوەیە کە کۆجیتۆکەی دیکارت “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم” باشترە بەم شێوەیە دەرببڕدرێت “هێی، ئیدنا بە ساکسیۆفۆنێکەوە ڕۆیشت!” کەواتە بۆ ئەوەی زانین لەبارەی سوبستانسێک یان ئایدیایەک دەست بخەیت، پێویستە گومانی لێ بکەین، چونکە گومانکردن لێی وامان لێ دەکات سیفەتەکانی لە دۆخی سنووردارییەکەیدا درک بکەین، کە لە خودی شتەکە خۆیدایە، یان هیی شتەکە خۆیەتی، یان شتێک یان هەر هیچ. ئەگەر ئەمە ڕوون بێت، ئیتر دەتوانین کەمێک واز لە مەعریفەناسی بهێنین.

بابەتی پێشتر

یوڤاڵ نوح هەراری لە داڤۆس: ئەقڵی مرۆڤ لە مەترسیی هاککردندایە

بابەتی دواتر

خۆشەویستی چۆن ئازادمان دەکات؟ سیمۆن دی بۆڤوار وەڵام دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share