وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەڵامی موقتەدا سەدر ڕەوتی سەدر دەداتەوە و دەڵێت،”دەرگای کشانەوە داخراوە”.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە 22/ 6/ 2021 ەوە پاش پەسەندکردنی لیستی ناوی پارت و کاندیدەکان کۆمسیۆن دەرگای کشانەوەی داخستووە”.
باسی لەوەشكرد، “بڕیاری كشانەوەی ڕەوتی سەدر، پێویستە ئەنجومەنی كۆمیسیاران بڕیاری لەسەربدات و ئێمەش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنەكەین”.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ناكات، بەڵام هیوایخواست هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت و كاندیدی باش دەربچن.
سەدر پشتگیریی خۆشی لە حكومەتەكانی ئێستا و ئایندە كشاندەوە و ڕایگەیاند، دەستی لە پشتگیریكردنی خۆی بۆ هەموو ئەوانە كشاندەوە كە “لە حكومەتەكانی ئێستا و داهاتوودا بانگەشەی ئەوە دەكەن سەر بە ڕەوتەكەن”، داوای دوورخستنەوەی گەندەڵكارانیشی كرد.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر هۆشداریشی لە دۆخی عێراق دا، بەوەی هاوشێوەی سوریا و ئەفغانستانی لێبێت، پێشیوایە، ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات دەستی دەرەكی لەپشتە.
هەردوای وتارەکەی سەدریش حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی لە خۆکاندیدکردن بۆهەڵبژاردنی داهاتوو كشاندەوە، هەروەها حهمید ئهلغزی، ئهمینداری گشتی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق، دهستی لهكاركێشایهوه، كه لهسهر پشكی ڕهوتی سهدر لەو پۆستەدابوو.