دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیویۆرك لە ئەمریكا، ڕێگری دەكەن لە بەڕێوەبردنی ئاهەنگێكی بووكگواستنەوە، چونكە ڕێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا پێشێل دەكات.
پۆلیسی ناوچەی ڕۆكلاند لە نیویۆرك، دەسەڵاتدارانی ناوچەكەی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی ئاهەنگەكە زۆر گەورە دەبێت و زانیارییان پێگەیشتووە كە پێدەچێت 10 هەزار كەس بەشداری تیادا بكەن.
ئەندرۆ كۆمۆ، فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرك ڕایگەیاندووە، “پێیان وتین شاییەكە دەكرێت، ئێمەش لێكۆڵینەوەمان لەبارەیەوە كرد و دەركەوت كە هەواڵەكە ڕاستە و ئەوەش پێشێلكردنی ڕێساكانی تایبەت بە گردبوونەوەیە.”
ئیلێزابێس گارفی، ڕاوێژكاری كۆمۆ جەختدەكاتەوە، “زیاتر لە 10 هەزار كەس بەنیازبوون بەشداری لە ئاهەنگەكە دا بكەن كە بڕیار بوو سبەی دووشەممە بەڕێوەببرێت.”
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئاهەنگەكە تایبەتە بە كۆمەڵێك جوولەكەی بڕوادار كە بەمدواییانە ناڕەزاییان دەربڕیبوو بەرامبەر بە ڕێوشوێنە توندەكانی حكومەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا.
دەسەڵاتدارانی نیویۆرك باس لەوە دەكەن كە ماوەیەكە ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە ویلایەتەكە زیادیانكردووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی دانیشتووانەكانیان جوولەكەی بڕوادارن.