ئەندامێكی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، ئێران تەواوی ئەو ئاوەی گرتووەتەوە كە دەهاتە عێراقەوە، ئەوەش كاریگەریی دروستكردووە، بۆیە پێشنیازی دابەزاندنی تێچووی هەڵکەندنی بیر دەكات بەڕێژەی 50%.
خەلیل مەولا بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، “ئەو بڕە ئاوەی لە ئێرانەوە دێت 12%ی ئاوی عێراق پێكدەهێنێت، ئاوی هاتووش لە تورکیاوە 56%ی ئاوی عێراقە، ئەوەی دیكەشی، كە دەكاتە 32%، لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوەیە.
پەرلەمانتارەكە بەتایبەت ئاماژەی بە گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە كردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران کۆی ئەو 12% ئاوەی گرتووەتەوە كە دەهاتە عێراقەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەت پارێزگای دیالە و بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ئەو ناوچانە.
باسی لەوەشکردووە، لەئێستادا گرنگترین چارەسەر بۆ كەمئاوییەكەی دیالە، دابینکردنی ئاوە لە بەنداوی حەمرین و ڕوباری خەریسان بۆ دیالە.
بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەکە، “یەکێک لەو پێشنیازانەی خراونەتە بەردەست وەزارەتی ئاو، کەمکردنەوەی تێچووی بیرهەڵکەندنە بۆ جوتیاران بەڕێژەی 50% بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو.