هەولێر.. بڕیارە پێنج دەستگیركراوی بادینان دادگایی بكرێن

ئەمڕۆ دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی بادینان بەرێوەدەچێت، بەشێك لە تۆمەتەكانیان بریتییە لە پشتگیریكردن و كاركردن بۆ مستەفا كازمی و بەرهەم ساڵح، بەڵام پارێزەری دەستگیركراوان ڕەتیدەكاتەوە ئەو كارانە تاوان بن.

ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە بڕیاربوو پرۆسەی دادگاییكردنی پێنج چالاكوان بەڕێوەبچێت، كە بریتین لە، (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد)، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەری سەرەكی ئامادەنەبوو، دادوەری جێگرەوە داوایكردبوو دادگاییەكە دوابخرێت، بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو پێنج دەستگیركراوە بەڕێوەدەچێت.

دیار نییە دادگاییكردنەكە دوادەخرێتەوە یان نا، بەو پێیەی دوێنێ دوو شەممە دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی دیكەی بادینان دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.

ئەوكات، بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو چوار دەستگیركراوەی بادینان، كە بڕیاربوو بەڕێوەبچێت، دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.

پارێزەرەكە وتی، هۆكاری دواخستنەكە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، كە دادوەرەكان دۆسیەی دیكەی تایبەت بە ماددەی هۆشبەریان لابووە و فریای ئەم دۆسیەیە نەكەوتوون.

لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو چوار چالاكوانە بە ئەنجامدانی تەقینەوە و هەوڵی تیرۆركردن تۆمەتباركراون، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە و دەبوو چەك و تەقەمەنییان پێ بگیرێت، بەڵام تەنها ناسنامە و مۆبایل و ئینتەرنێتیان پێگیراوە و هیچی تر.

وتیشی، “ئەو كەسانەی كرابوون بە شایەتحاڵ بەسەریانەوە، هیچ شایەتییەكیان نەدا و تەنانەت بەشێكیان دەیانگوت تۆمەتباران ناناسین، تەنها یەك شایەتحاڵی نهێنی نەبێت، بەناوی (ژمارە 33)، كە هەر نەمانزانی كێیە و كەس نەیبینی”، بۆیە پەرلەمانتارەكە گەشبین بوو بەوەی تۆمەتبارەكان ئەو تۆمەتانەیان بەسەردا نەسەپێنرێت.

هەر دوێنێ سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان باسی لەو تۆمەتانەشكرد، كە دراونەتە پاڵ ئەو پێنج چالاكوانەی ئەمڕۆ دادگایی دەكرێن، لەوانە، دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ چالاكوانانی بەغداد، پشتگیریكردنی مستەفا كازمی و هەروەها بوونی پەیوەندی لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پارێزەرەكە ڕەتیكردەوە هیچكام لەو تۆمەتانە تاوان بن.

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە بریندارەکانی ڕووداوەکەی زیقار

بابەتی دواتر

ئاگرەكەی زیقار وەزیری دارایی لە لێپرسینەوە ڕزگاركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share