بۆچی میوزیک یادەوەرییەکانمان دەورووژێنێت؟

گۆرانییەکانی ڕابردوو دەتوانن ھەست و سۆزمان بجووڵێنن و بمانگوازنەوە بۆ ئەو کاتانە. تیفانی جێنکینس دەربارەی ئەوەی چی لە مێشکماندا ڕوودەدات کە گوێ لە میوزیک دەگرین، لێکۆڵینەوە دەکات.

گۆرانیی ‘ڕیتم سەماکەرێکە’ بۆ من بەو شێوەیە.
میوزیکێکە لە لایەن گرووپی ئەڵمانیی “ئیورۆدانس سناپ”ـەوە بەرھەمھێنراوە، ھاوینێک کە لە ئەورووپادا گەشتم دەکرد زۆر لێدەدرا. تەنیا گوێم لە کۆپلەیەکی بوو – “ئەوە ھاوڕێیەکی ڕۆحە/ دەتوانیت لە ھەموو شوێنێکدا ھەستی پێ بکەیت” – ئەو شەوە درەنگانە و کەنار دەریای لماویی ڕاستەوخۆ ھاتنەوە مێشکم. بەڵام ئەگەر بمەوێت شتێکی دیاریکراوی ئەو پشووەم بیر بکەوێتەوە، ئەوا بەبێ میوزیک ڕاستەوخۆ ھیچ شتێک یان ھیچ ھەستێکم بیر ناکەوێتەوە. ئەمە ئەزموونێکە کە ھەموو کەسێک بینیویەتی: میوزیکێکی چەن ساڵ لەمەوپێشت گوێ لێدەبێت و ڕێک دەگەڕێیتەوە ئەو ساتە دیاریکراوە، وەک ڕۆیشتن بە ئامێری گەشتکردن بە زەمەندا. پەیوەندیی نێوان میوزیک و یادەوەری بەھێزە. توێژینەوە نوێکان ھەوڵدەدەن چۆنیەتیی کارکردنی ئەم یادەوەرییانە بدۆزنەوە بۆ بەکارھێنانیان لە ڕێگاکانی چارەسەرکردندا. لە ئێستادا بەکاردەھێنرێن بۆ یارمەتیدانی نەخۆشە پیر و خەڵەفاوەکان و ئەوانەش کە تووشی خەمۆکی ھاتوون.
ھەزاران ساڵە میوزیک ئامڕازێکی گرنگی بیرتیژکردنەوەیە. دەیڤد سی ڕوبین، پسپۆڕ لە بواری یادەوەریی ژیانی تاکەکان و نەریتی زارەکی، لە کتێبە نوێگەرەکەیدا بە “ناوی یادەوەری لە نەریتی زارەکیدا” ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن چیرۆکی ئەفسانەیی وەکو ئیلیاد و ئۆدیسەی ھۆمەر بە زارەکی و بە بەکارھێنانی ئامڕازی شیعری گواستراونەتەوە. پێش ئەوەی چیرۆکەکان بنووسرێنەوە، دەوترانەوە یان بە گۆرانی دەوتران. نەریتی زارەکی پشتی بە یادەوەری بەستبوو.
توێکڵی پێشەوە و ھیپۆکامپەس دوو بەشی گەورەی میشکن کە پەیوەستن بە یادەوەری و ھەموو خولەکێک بڕێکی زۆر زانیاری وەردەگرن. بەبیرھاتنەوەیان ھەمیشە ئاسان نییە، کاتێک پێویستت پێیان دەبێت بە ئاسانی نایەنەوە یادت. میوزیک یارمەتدەرە چونکە کێش و سەروایەکی پێدەدات و ھەندێکات بەکارھێنانی دووبارەی یەک پیتی سەرەتا، وا دەکەن زانیارییەکان لە مێشکتدا بە ئاماژەیەک بکرێنەوە. پێکھاتەی گۆرانییەکەیە کە یارمەتیی بەبیرھاتنەوەیمان دەدات، لەگەڵ ئاواز و ئەو وێنانەش کە وشەکان دەیبەخشن.
ئەو تەکنیکە لە ڕۆژگاری ئێستاشدا ھەر گرنگە. شارەزایانی بواری دەمار لێکۆڵینەوەیان دەربارەی میکانیزمەکانی ناو مێشک کردووە کە پەیوەندیان بە یادەوەرییەوە ھەیە، دۆزینەوەی ئەو وشانەی کە لەگەڵ میوزیکدا دانراون ئاسانترینن بۆ بیرھاتنەوە. تەنیا بیر لەو گۆرانییە سەرەتاییانە بکەرەوە کە دەتتوانی بە باشی بیانڵێیت: “ئەی بی سی دی ئی ئێف جی، لەگەڵم بیڵێنەوە.” ئەو تێکستانەی کە لە ڕێی میوزیکەوە فێریان بوویت، بە گۆرانی باشتر بەبیرت دێنەوە وەک لەوەی وەک قسەیەک بکرێن. ھەوڵ بدە شتێکت بیر بێتەوە کە ئاوازێکی درابێتێ. ئیدی توانای بەبیرھاتنەوەت زۆر بەھێزتر دەبێت.
ھەموو شتێک لە مێشکدا
پەیوەندییەک لە نێوان یادەوەری و میوزیکدا ھەیە، بەڵام بۆچی کاتێک گوێمان لە گۆرانییەکی دیاریکراو دەبێت، ھەستێکی بەھێزیشمان تیا دروستدەکات وەک لەوەی تەنیا ھۆنراوەکەی بڵێینەوە؟ ئەگەر من گوێ لە “ڕیتم سەماکەرێکە” بگرم، خۆشیی یەکەم؛ گەشتم بیر دەھێنێتەوە کە بەبێ دایک و باوکم کردم و ھێندەی ژمارەی دێڕەکان خۆشیم بینی، ھەرچەندە وشەکان ئەوەندە بەتایبەتی گرنگیم پێنەداون، ھۆنراوەیەکی سادە یان خراپن. “من بە جددیمە کە دەڵێم ڕیتم سەماکەرێکە، لە لایەن ڕەخنەگرێکەوە بە ‘خراپترین ھۆنراوە’ پەسن کراوە، بەڵام ھێشتا ھەستێکی قوڵم لا دروست دەکات.”
چەند جۆرێکی جیاوازی یادەوەری ھەن، لە ناویشیاندا، یادەوەریی ڕوون و یادەوەریی شاراوە ھەن. یادەوەریی ڕوون بیرھاتنەوەی بەمەبەست و خۆویستانەی ڕابردووە، زۆرجار بە پرسیاری لەم جۆرە دەکرێت: ئەو ھاوینە من لەکوێ بووم؟ لەگەڵ کێدا گەشتم کرد؟ یادەوەریی شاراوە جۆرێک لە بەبیرھاتنەوەی خۆنەویستانە و وەڵامدەرەوەیە، کە ھەندێکجار پێی دەوترێت یادەوەریی ئۆتۆماتیک و ئەزموونەکانی ڕابردوو بەکاردەھێنێت بۆ بەبیرھاتنەوە، بەبێ بیرکردنەوە لێیان.
ڕۆبێرت سیندەر، ئاوازدانەر و بەڕێوەبەری پرۆگرامی دەنگی لە پەیمانگای ھونەر لە شیکاگۆ پێی وتم، “بەشێکی گەورەی یادەوەری لە نائاگایماندایە. چەند لایەنێکی یادەوەری ھەن کە بە ناڕوونی دێنەوە نێو مێشک، واتە لە دەرەوەی ئاگاییدان. سیستمی یادەوەری شاراوە بەشی جیاوازی مێشک دەگرێتەوە، جیاواز لە سیستمی یادەوەریی ڕوون”. لە حاڵەتەکانی نەخۆشیی وەک ئەلزایمەردا ئەوە سیستمی یادەوەریی ڕوونە کە زیانی پێگەیشتووە. لە بەرانبەردا سیستمی شاراوە تەندروستە. سیندەر ڕوونیدەکاتەوە کە “ئەو شتانەی لە دەرەوەی ئاگاییماندا کاریگەریمان دەکەنە سەر، زۆرجار بە شتگەلێکی بەھێز دادەنرێن.” بە واتایەکی دیکە، یادەوەریی شاراوە سۆزداری و خۆڕاگرە.
ئاشکرایە ئەو یادەوەرییانەی کە بەھۆی میوزیکەوە دێنەوە یادمان، زۆرکات لە زەمەنێکی دیاریکراوی ژیانمانەوە دێن. میوزیکە کلاسیکییەکان زیاتر لە میوزیکەکانی ساڵانی دواتر، دەمانگەڕێننەوە بۆ ساڵانی ھەرزەکاری و تەمەنی بیستەکان. دەروونناسان بە “دڵەخورپەی بەبیرھاتنەوە” ناوی دەبەن. ڕەنگە بەو شێوەیە بێت چونکە ئەوە زەمەنێکی گرنگ و خۆشی ژیانمانە، کە بۆ یەکەمین جار ئەزموونی شتێک دەکەین و سەربەخۆ دەبین. ھەموو شتێک تازە و بە مانایە. دواتر ژیان کەمێک تەڵخ دەبێت. میوزیک ھەستەکان دەورووژێنێت، بەڵام دەنگ و جۆری میوزیکەکە، کە گرنگن، ھەستەکانی تۆ پێناسە ناکەن. دەکرێت گۆرانییەکی خەمبار کاتێکی خۆشت بیر بھێنێتەوە و بە پێچەوانەشەوە.
گۆرانییەکانی ژیانمان
زۆرینەی کاتەکان ئەوە میوزیکی پۆپە کە یادەوەرییەکانمان دەورووژێنێت لەم کاتەی ژیانماندا. بۆچی؟ سەرەتا ئەم جۆرە میوزیکە لە پشتەوە لێدەدرا، حەزمان لێبوایە یان نا. ھەمیشە میوزیکێک لە سەر ڕادیۆ و باڕ و ژووری خەوتنەکان لێدەدرێت کە سەردەمییە و بەڕێکەوت بەستراوەتەوە بە کاتێکی دیاریکراوەوە. میوزیکی پۆپ ھیی ئەم ساتەیە. بۆ نموونە گوێ لە میوزیکی پۆپی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ـکان بگرە، پێت وایە کە دەزانیت ئەو سەردەمە چۆن بووە. شتێکی ئەبستراکتتر ھەیە دەربارەی میوزیکی کلاسیکی ڕۆژاوایی، کە لە سەردەمە ڕەسەنەکەی خۆی لابراوە و دانانەوەی قورسترە.
کریشن ڤان کامپین نووسەری “کاریگەریی پرووست” لێکۆڵینەوە دەربارەی ھەستە جیاوازەکان دەکات وەک تامی کێکە ئیسفنجییەکە لای نووسەری فەڕەنسی مارسێل پرووست، لە ڕۆمانی “گەڕان بە دوای کاتی لەدەستچوو”. کاتێک تامی پارچەیەک کێکی شیرین دەیباتەوە ژیانی منداڵی بە ھەموو بۆن و ڕەنگ و ھەستێکییەوە. زۆرێک لە کارەکانی کامپین توێژینەوەن دەربارەی مێشک، بەڵام چاودێرییەکی گرنگی ئەو شتانە دەکات کە لە دەرەوەی مێشکماندا ڕوودەدەن. دەشڵێت “بۆن لەو ڕووەوە جیاوازە کە یادەوەرییەکی کەسێتییە، لەکاتێکدا ئەزموونی گوێگرتن لە میوزیک شتێکی زۆر کۆمەڵایەتییە. یادەوەریی میوزیکی زۆرکات لەگەڵ کەسانی دیکەدایە.” پێکەوە گوێی لێدەگرین. لە ئاھەنگێکدا، لە کاتی سەماکردن یان قسەکردن لەگەڵ ھاوڕێیەکدا گوێت لێی دەبێت. لەگەڵ یەکتریدا دەچنە کۆنسێرت و ئاھەنگەکان. لەبەرئەوەی میوزیک بەشێکە لە ژیانمان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا -زۆرکات کەسی تایبەتن- وا دەکات مانادارتر بێت. لە ڕاستیدا زۆرکات ئەو میوزیکانە دەنووسرێن و بەرھەم دەھێنرێن بۆ حاڵەتی گرنگ و تایبەت، وەک پرسە یان ئاھەنگەکان کە تیایاندا شایەتیی ڕووداوە سەرەکییەکانی ژیان دەدەین.
ئەو کەسانەی مێشکیان زیانی گەورەی بەرکەوتووە، زۆرکات کێشەیان لەگەڵ یادەوەریدا بۆ دروست دەبێت. میوزیک یارمەتیدەرە لە گەڕانەوەی بەشێک لەو ساتە تایبەتانەی ژیانیان کە لەبیریان چووەتەوە. دەکرێت ئەو کەسانەی تووشی خەڵەفاوی ھاتوون، بە گوێگرتن لەو میوزیکەی کە بە گەنجی گوێیان لێگرتووە، یادەوەرییەکانیان بیربێتەوە. ھەروەھا کامپین سەرنج دەخاتە سەر بەکارھێنانی میوزیک بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی تووشی خەمۆکی بوون، لەڕێی بیرھێنانەوەی ئەو کاتە قورسانەی ژیانیان کە ئەوەندە خراپ نەبوون کە ئەوان بیریان لێکردبووەوە. ئەو دەڵێت، “ئەو کەسە خەمۆکانە زۆرکات ھەست دەکەن بەتانییەک بەسەر ژیانیاندا دراوە.”
گوێگرتن لە میوزیک و بیرھاتنەوەی کۆمەڵێک ئەزموون، “یارمەتییان دەدات لە بەبیرھاتنەوەی ئەزموونە قورسترەکان.” ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمانە ھەمیشە پۆزەتیڤن بەڵام “ڕەنگە ھاوسەنگتر بن.” میوزیک دەرمانی ھەموو دەردێک نییە بەڵام دەکرێت یارمەتیدەر بێت.
کامپین گەشبینە دەربارەی کاری داھاتوو: “خەڵکی لە ئێستادا زۆر نیگەرانن دەربارەی لەبیرچوونەوە و کێشەکانی یادەوەری، بەڵام جوانییەکە ئەوەیە کە ئێمە دەستمان کردووە بە دۆزینەوەی شێوازێک بۆ یارمەتیدان لە بەبیرھاتنەوەی شتەکاندا.
 بۆ زۆرێک ئەم بابەتە وەک میوزیکێک دەبێت لەبەر گوێیان.
بابەتی پێشتر

١٠ گرنگترین فۆتۆگرافەر کە دەبێت بیانناسیت

بابەتی دواتر

فۆتۆگرافی فەلسەفەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share