ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئێران و ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین، لە دیدارێكی ئۆنلایندا تاوتوێی سوودوەرگرتن لەو پێشهاتانەیان كردووە، كە لە یەمەن و ئەفغانستان هەن، بۆ گۆڕێنیان بۆ پەناگەیەكی ئارامی ڕێكخراوەكە، توركیاش بەنیازە ژمارەیەك لە چەكدارانی گروپە نزیكەكانی بۆ ئەفغانستان بگوازێتەوە، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتێكی سكای نیوزدا هاتووە.
بەپێی كەناڵەكە، دیدارەكە، كە ئیبراهیم مونیر، بەڕێكەری كارەكانی ڕابەری باڵای ئیخوان موسلمین بەشداریی تێداكردووە، لە پەراوێزی كۆنگرەی 14هەمینی “مونتەدای یەكێتیی ئیسلامی”، كە لە 9 و 10ی ئەم مانگە ئەنجامدرا، لە لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەچووە.
لە كۆنگرەكەدا هەریەك لە خالد مەلا، سەرۆكی كۆمەڵەی زانایانی عێراقی (ئیخوانی) و ژمارەیەك لە سەركردە و نوێنەرانی ڕێكخراو و گروپە ئیسلامی و ئیخوانییەكانی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بەشداربوون، لە ئێرانیشەوە موحسین ئاراكی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ئامادەیبووە، كە ناسراوە بە پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی لەگەڵ ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین.
كۆنگرەكە وەك “كۆڕبەندی جیهانیی بۆ لێكنزیككردنەوەی مەزهەبەكان” ناودەبرێت، بەڵام بەپێی سكای نیوز، هەوڵی شاردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەواڵگریی ئێرانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە و بەتایبەتیش ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین.
ڕوونیشیكردوەتەوە، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا چەند دۆسیەیەك تاوتوێكراون، لە پێشیانەوە هەردوو دۆسیەی یەمەن و ئەفغانستان، ئایندەی ئیخوان موسلمین و هەماهەنگیی نێوان گروپەكان و ئێران.
لەو نێوەندەدا ئاژانسی فوڕات بڵاویكردووەتەوە، توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ گواستنەوەی دوو هەزار چەكداری گروپە سورییەكان بۆ ئەفغانستان، لەهەمان كاتیشدا ئێران گروپەكانی (فاتمیون)ی ئەفغانی لە سوریاوە بۆ ئەفغانستان دەگوازێتەوە.
مەحمود جابر، شارەزای كاروباری ئێران هۆشداری لەبارەی دۆسیەیەكی گرنگەوە دەدات كە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێكراوە، ئەویش دۆخی ئەفغانستانە، لەسایەی هەڵپەی هەریەك لە ئێران و توركیا بۆ گواستنەوەی میلیشیا و چەكدارانی لایەنگرانیانەوە لە سوریاوە بۆ ئەفغانستان.
بەپێی وتەی ئەو شارەزایە، ئەم جوڵەكردنە وادەكات پڕۆسەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی ئاسیا بگوازرێتەوە، ئەمەش لە سایەی گواستنەوەی قورسایی ئەمریكا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی چین، سەرەڕای ئەوەی ئەفغانستان لەئێستادا بووەتە پەناگەیەكی ئەو ئیخوانییانەی لەدەست دادگاكانی میسر هەڵهاتوون.
شارەزاكەی كاروباری ئێران ئاشكراشیكردوە، ژوورێكی پرۆسەی هاوبەش لەنێوان ئێران، توركیا و ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین پێكهێنراوە بۆ هەماهەنگی پڕۆسەكان و پلاندانان لەنێوانیاندا لە ئەفغانستان، بەتایبەت دوای بەرەوپێشچوونەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان، كە واپێدەچێت گڵۆپی سەوزی لەلایەن ژمارەیەك هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ هەڵكرابێت بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی ئەفغانستان.
جابر پێیوایە، هەموو ئەو پێشهاتە خێرایانە بۆ ئەوەیە ئەفغانستان ئامادەبكرێت تا ئەندامە هەڵهاتووەكانی ئیخوانی بۆ بگوازرێتەوە، كە میسریان جێهێشتووە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشكردووە كە كۆبوونەوەكە لەهەمان كاتدا دۆسیەی یەمەن و هەماهەنگی نێوان ئیخوان و میلیشیاكانی حوسی تاوتوێكردووە.
ئاشكراشیكردووە، هەماهەنگییەكە پاش چەندین كۆبوونەوە بووە كە لەنێوان سەركردەكانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و سەركردەكانی ئیخوان بووە، كە هەندێكی لە توركیا ئەنجامدراوە.