ئەردۆغان: ئەگەر ئەمریکا ئێف 16مان پێنەفرۆشێت ڕوسیا هەیە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی ئێف16یان پێنەفرۆشێت دەتوانن لە وڵاتانی دیکەوە چەک بکڕن وەک ڕوسیا.

بەشداریکردنی تورکیا لە بەرنامەی ئاڵوگۆڕی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ هەڵپەسێردرا، دوای ئەوەی تورکیا سیستمی بەرگریی پێشکەوتووی لە ڕوسیا کڕی.

بەڵام دوای شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، هەروەها باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران ئەمریکا و تورکیا جۆ بایدن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی وتووە پاڵپشتیی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 دەکات بەو وڵاتە.

ئەو کارە ڕەزامەندیی کۆنگرێسی بەدەستنەهێناوە لەکاتێکدا هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنەکە هەیە، ئەندامانی کۆنگرێس ترسیان لە هەڕەشە توندەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە یۆنان هەیە.

دوای نوێژی هەینیی دوێنێ ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی وت، ئەمریکا تاکە وڵات نییە لە جیهاندا کە فڕۆکەی جەنگی دەفرۆشێت، وڵاتانی وەک ڕوسیا، فەرەنسا و بەریتانیاش هەن.

وتیشی، “دەکرێت لە وڵاتێکی دیکەی بکڕین و ئەوانیش ئامادەن”.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامە بەهۆی چەند دۆسیەیەکەوە، لەوانە پاشەکشەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لەبارەی دۆسیەی کوردەوە کە تورکیا بە توندی دژایەتیی دەکات ئەردۆغان وتی، ئەگەر لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن بکات، دۆسیەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەوروژێنێت.

بابەتی پێشتر

چوار ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای دەربەندیخان پێكیاندادا

بابەتی دواتر

ئەمریکا: کامپی هۆل بووەتە مەترسی بۆ ناوچەکە تەنها چارەسەریش گەڕاندنەوەیانە بۆ وڵاتەکانیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share