وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، خەریكە ئاستی هاتنی ئاو لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەگاتە سفر.
مەهدی ڕەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “ئەو ئاوەی پێشتر لە ئێرانەوە دەهاتە عێراقە خەریكە دەگاتە ئاستی سفر”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان ئەوكارەی ئێران دەیكات پێچەوانەی یاسا و ڕێككەوتنەكانە”.
باسی لەوەشكردووە، چەند ڕێوشوێنێکیان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی کەمبوونەوەی ئاو لە دیالە گرتووەتەبەر.
حەمدانی ئەوەشی وتووە، قسەیان لەگەڵ ئێران و تورکیا کردووە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پڕۆتۆکۆڵی دابەشکردنی ئاو، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لەو بارەوە پێ نەگەیشتووە.
ڕوونیشیكردووەتەوە، “ئێران بەردەوام بێت لە گلدانەوەی ئاو لەسەر ڕووبارەکانی سیروان و کەرخ ئەوا قەیرانەکە لە پارێزگای دیالە سەختتردەبێت”.