هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووان بووەتە هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی

زیادبوونی دانیشتووان یەكێكە لەو كێشە گەورانەی ڕوبەڕووی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەبێتەوە

دانیشتووانی جیهان لە هەشت ملیار كەس نزیكدەبێتەوە و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداری دەدات لەوەی زۆرێك لە وڵاتان نیگەرانی خۆیان لەبارەی گۆڕانی ڕێژەی وەچەخستنەوە نیشاندەدەن، لەكاتێكدا نیگەرانی لەبارەی وەچەخستنەوە بووەتە بابەتێكی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.

11ی تەمموز بە ڕۆژی جیهانیی دانیشتووان دیاریكراوە، ئەمەش پاش پێشنیازێكی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1989 بۆ یادكردنەوەی ڕۆژەكە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە، ئەمەش لە سایەی ئەو زیادبوونە بەرچاوەی لە ژمارەی دانیشتووانی جیهاندا هاتووەتەدی، بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسە پەیوەندیدارەكان بە دانیشتووان.

بەپێی دوایین ئامارەكان، كۆی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیار و 875 ملیۆن كەس، بە ناوەندی ڕێژەی ساڵانەی گۆڕانی دانیشتووان بەڕێژەی 1.1%.

هەر بەپێی ئامارەكە ئەو دانیشتووانانەی تەمەنیان لەنێوان 0 بۆ 14 ساڵیدایە 25.3%ی كۆی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنن، 15 بۆ 64 ساڵ ڕێژەكەی 65.1%ــە، كە زۆرترینە، لە تەمەنی 65 ساڵیش بەرەوسەر ڕێژەكەی 9.6%ــی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنن.

دابەزینی ڕێژەی مردنی بێپێشێنە لەسەر ئاستی جیهان لە سەدەی نۆزدە و زیاتر دابەزینی ئاستەكە لە سەدەی بیستدا، هەروەها بەرزبوونەوەی ناوەندی تەمەن لە 30 ساڵەوە بۆ 70 ساڵ، ئەمەش بەهۆی باشبوونی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، بووە هۆی گەشەكردنی ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەكی خێرا و لەگەڵیشیدا گەشەی پرسە پەیوەندیدارەكان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و چاودێری و گرنگیپێدان، بە مانای زیادبوونی پرسەكانی تایبەت بە دانیشتووان.

سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان، لەگەڵ هاوبەشەكانی لەنێو ڕێكخراوەكە و دەرەوەیدا، كار لەسەر بەجێگەیاندنی ئەركی لەناوبردنی ئەو كێشانە دەكات كە پەیوەندیدارە بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا.

زیادبوونی دانیشتووان دیاردەیە یان كێشە.. بۆچی؟
كێشەی دانیشتووان تەنها لە زیادبوونە خێراكەی دانیشتووان بەرامبەر لاوازیی گەشەی ئابوری كورتنابێتەوە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ لایەن و سەرچاوەی دیكەی پەیوەندیدار بە گەشە و قەبارە و پێكهاتە و كۆچ، واتا سەرجەم لایەنەكانی گۆڕانی داینامیكیی دانیشتووان دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە تێڕوانین لێی لە سەرجەم لایەنەكانەوە بێت بەشێوەیەكی تەواوەتی.

زیادبوونی دانیشتووان یەكێكە لەو كێشە گەورانەی ڕوبەڕووی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان گونجاو نییە لەگەڵ ڕێژەی بەكاربردن، زیادبوونەكە دەبێتە سەرچاوەی دروستبوونی كێشە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، وەك كەمی (ماددە خۆراكییەكان، هەلی كار، ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەی پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكرێن، خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەروەها دابەزینی ڕێژەی پاشەكەوت و وەبەرهێنان و بەهۆیەوە دابەزینی ڕیژەی گەشەی ئابوری و داهاتی تاكەكەس).

بەمەش دەكرێت بوترێت دیارەی دانیشتووان بە دیاردەیی دەمێنێتەوە، بەڵام كاتێك هاوسەنگییەكان تێكدەچن، دەگۆڕێت بۆ كێشە، كێشەی دانیشتووان بریتیە لە ناڕێكی و نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان دانیشتووان و ماددەكاندا، ئاكامەكەی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی تاك و خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان.

چۆن گەشەپێدان بەشداردەبێت لە كێشەی گەشەی دانیشتوواندا؟
لەلایەكی دیكەوە دەبینین پەرەپێدانی ئابوری، كۆمەڵایەتی، تەندروستی و پیشەسازی كاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر گەشەی دانیشتووان، كە بە گۆڕانكاری یان جیاوازی نێوان ڕێژەی مردن و ڕێژەی زیندووان دەپێورێت، تیایدا ڕێژەی ئەوەی یەكەمیان دادەبەزێت بەهۆی بەردەستبوونی هۆكارەكانی پێشكەوتن.

بەرزبوونەوەی ئاستی داهات بە یەكێك لە دیاردەكانی پەرەپێدان دادەنرێت، بەرزبوونەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی مردن لەرێی زیادبوونی پشكی تاك بەهۆی باشبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و جۆری خۆراك، بۆیە پەیوەندییەكی پێچەوانە هەیە لەنێوان ئاستی داهات و ڕێژەی مردن، چەندێك داهاتی تاك زیادبكات ئەوەندە ڕێژەی مردن كەمدەكات و پێچەوانەكەشی ڕاستە.

نەتەوە یەكگرتووەكان چی دەڵێت؟
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی دانیشتووان ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و لەژێر ناونیشانی (زامنكردنی مافەكان و توانای هەڵبژاردن چارەسەرن) دەڵێت، لەبارەی پرسی گۆڕانكاری وەچەخستن، یان دابەزینی، چارەسەر بۆ گۆڕینی ڕێژەی وەچەخستن دەشێت لەڕێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و فەراهەمبوونی ماف بۆ خەڵك بێتەدی.

ئاماژە بەوەشدەكات، پەتای كۆرۆنا زیانی بە سیستمی چاودێری تەندروستی و بەتایبەتیش لە بواری تەندروستیی سێكسی و وەچەخستنەوە گەیاند، زیادبوونی توندوتیژی لەسایەی كەرەتین، مەترسیی هاوسەرگیریی منداڵان، شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە، بێكاربوونی ژمارەیەكی زۆری ژنان و زیادبوونی ئەركەكانی چاودێریكردنی منداڵەكانیان بەهۆی خوێندنی ئۆنلاین، یان چاودێری كەسانی بەتەمەن، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی تێكچوونی سەرچاوە داراییەكانیان لە ئێستادا و بۆ دوورمەوداش.

نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتیشیدەكاتەوە، لەكاتێكدا زۆرێك لە وڵاتان نیگەرانیی زۆری خۆیان لەبارەی گۆڕانی ڕێژەی وەچەخستنەوە نیشاندەدەن، بەدرێژایی مێژوو نیگەرانی لەبارەی ڕێژەی وەچەخستنەوە پەیوەستكراوە بە مافەكانی مرۆڤ و بووەتە هۆی ڕەتكردنەوەی مافەكانی مرۆڤ.

لەو ڕووەشەوە سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری لە كاردانەوەی سیاسی دەدات، كە ڕەنگە زۆر زەرەربەخش بێت ئەگەر پێشێلی ماف و تەندروستی و بژاردەكان بكات. جەختیشدەكاتەوە لەسەر پێویستی تواناداركردنی ژنان لەسەر ئاستی پەروەردەیی و ئابوری و سیاسی بۆ مومارەسەركردنی مافەكانی، هەر لە بژاردەی ئەوەی پەیوەستە بە جەستەیەوە، تا دەگاتە وەچەخستنەوە.

ژمارە و ڕاستی
بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا ژنان ناتوانن تەمەتوع بە جگە لە 75%ی ئەو مافە یاساییانە بكەن كە پیاوان دەیكەن سەرەڕای بوونی زامنی دەستووری دەربارەی یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز.

بەپێی توێژینەوە بنكۆڵكارییەكان 4 تا 29%ی ئەو ژنانەی هۆكارەكانی ڕێگری لە دووگیانبوون بەكاردەهێنن ئەو كارە بەبێ ئاگاداری هاوسەرەكانیان دەكەن.

ڕێژەی ئەو ژنانەی توانای بڕیاردانی پەیوەندیدار بە جەستەیانەوە هەیە لە 55% تێناپەڕێت، ئەمەش پێویستە ببێتە زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ حكومەت و دروستكەرانی بڕیاری سیاسی و دامەزراوەكانی گەشەپێدان.

ئاراستەكانی دانیشتووانی جیهان
گەیشتنی ژمارەی دانیشتووانی جیهان بە ملیارێك كەس، سەدان هەزار ساڵی خایاند، دواتر لەماوەی تەنها 200 ساڵدا حەوت هێندە زیادیكرد، لە ساڵی 2011دا، ژمارەی دانیشتوانی جیهان گەیشتە حەوت ملیار كەس، پێشبینیش دەكرێت لە ساڵی 2030دا بگاتە 8.5 ملیار، بە گەیشتنە ساڵی 2050 بگاتە زیاتر لە 9.5 ملیار، هەروەها بگاتە 11 ملیار لە ساڵی 2100دا.

زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی دەگەنە تەمەنی وەچەخستنەوە، هۆكاری پشت ئەم گەشەكردنەیە لە ژمارەی دانیشتوواندا، هەروەك زیادبوونەكە بووە هۆی گۆڕانكاری لە ژمارەی وەچەخستنەوە، زیادبوونی بەمەدەنی بوون و خێرابوونی كۆچ، هەموو ئەمانەش كاریگەریی درێژمەودایان دەبێت لەسەر نەوەكانی داهاتوو.

زیادبوونی دانیشتووان كاریگەری دەبێت لەسەر گەشەی ئابوری و كار و دابەشبوونی داهات و زیادبوونی هەژاری و دۆخی كۆمەڵایەتی، هەروەك كاریگەری لەسەر ئەو هەوڵانە دەبێت كە دەدرێت بۆ زامنكردنی گەیشتنی هەمووان بە چاودێریی تەندروستی و فێربوون و نیشتەجێبوون و ئاو و ئاوەڕۆ و خۆراك و وزە، بەمەبەستی فەراهەمكردنی پێداویستییە درێژمەوداكانی تاك.

لەو نێوەندەدا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتیدەكاتەوە، پێویستە بڕیاربەدەستانی سیاسی چاو بەژمارەی ئەوانەدا بخشێننەوە كە لەسەر زەوی دەژین، لەگەڵ شوێنەكانیان و ژمارەی ئەوانەشی شوێنیان دەگرنەوە.

بابەتی پێشتر

حکومەت نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پرۆژەی ئاوی دوکانی کۆن – سلێمانی تەرخانکرد

بابەتی دواتر

بەهۆی شکانی بۆری ئیفرازی یەک 10%ی دانیشتووانی هەولێر بێئاو دەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share