وەزیری بەرگریی ئوسترالیا ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم سەربازانی وڵاتەكەی خاكی ئەفغانستانیان جێهێشتووە.
پیتەر داتۆن، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا ڕایگەیاند، “هەڵمەتی سەربازی كۆتایی هات، بەڵام ئەمە مانای وانییە بەشداری لە هەڵمەتە هاوبەشەكانی دیكە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ناكەین”.
وتیشی، بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 39 هەزار سەربازی ئوسترالی بەشدارییان لە هەڵمەتی سەربازی لە ئەفغانستان كردووە، لە ساڵانی دواییشدا ژمارەی سەربازان لە 1.5 هەزارەوە كەمكرایەوە بۆ 80 كەس.
داتۆن دوپاتیشیكردەوە، ئوسترالیا تائێستا هاوپەیمانی ئەفغانستانە لە بواری ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر، تەنانەت پاش كشانەوەشی لە خاكی ئەو وڵاتەدا.
لە نیسانی ڕابردووەوە دۆخی ئاسایشی ئەفغانستان ڕوو لە دژوارییە پاش ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆتاییهێنان بە پڕۆسە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.
بەمدواییەش ئەمریكا بەڕێژەی 90% كشانەوەی هێزەكانی لە وڵاتەكە ئەنجامدا و، لە بەرامبەریشدا وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانیی ناتۆ هێزەكانیان دەكشێننەوە، ئەمەش بووەتە هاندەری چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان تا ئاستی هێرشەكان زیادبكەن و دەیان ناوچەی ئەفغانستان بخەنە ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویی خۆیانەوە.
س: تاس + RT