نەوت بە كارەبا.. پێشنیازی پەرلەمانتارێكی كورد بۆ حكومەتی فیدراڵ

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دانانی هێزە ئەمنییەكان بۆ پارێزگاری لە تاوەرەكانی كارەبا كێشەكان چارەسەر ناكات، دەشڵێت، چارەسەربوونی دۆخی كارەبا پێویستی بەچەند هەنگاوێكە، بەڵام حكومەت ئەو هەنگاوانە نانێت.

د.غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “تائێستا كەس نازانێت كێن ئەوانەی تاوەرەكانی كارەبا دەتەقێننەوە، داعشن یاخود تێكدەر، بەڵام بە پلان و زانیاری ورد ئەو تاوەرانە دەتەقێنرێنەوە، چونكە تەقاندنەوەیان بۆ پەكخستنی تەواوی كەرتی كارەبای عێراق بووە”.

وتیشی، “دانانی هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی تاوەرەكان چارەسەر نیە، چونكە ئەوكات دەبێت نیوەی عێراق بكرێتە چەكدار، ناكرێت بۆ تاوەری كارەبا، بۆری نەوت و شەقامەكانیش هێز دابنرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە پێشیوایە، “دەبێت عێراق لە ڕێگەی تەكنەلۆژیای ئەمنیەوە خۆی پێشبخات، تا بتوانێت ڕێگری بكات لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارانە”.

لەبارەی ئەوەی بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا پێویستە چی هەنگاوێك بنرێت؟، ئەندامەكەی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، دەبێت عێراق گاز بەكاربهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، تۆڕەكانی گواستنەوەی كارەباش نۆژەن بكرێنەوە، هەروەها زیادەڕۆییەكانی سەر كارەبا نەهێڵێت، ئەویش بەهێنانی كۆمپانیایەكی بیانی دەبێت، هاوشێوەی میسر، كە كۆمپانیای سیمنس –ی ئەڵمانی هێنایە وڵاتەكەی و گرێبەستی لەگەڵدا كرد، تا لەماوەی 20 ساڵدا كێشەی كارەبای لەوڵاتەكە نەهێشت”.

جەخت لەوەشدەكاتەوە، عێراق هاوشێوەی میسر دەتوانێت لە ڕێگەی پێدانی نەوت بە كۆمپانیایەكی بیانی بەشێوەی قەرز كێشەی كارەبا چارەسەر بكات، بەڵام حكومەت ئەو هەنگاوە نانێت، بۆیە دۆخەكەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە.

لەبارەی ئەوەی پەرلەمان دەتوانێت لەم پرسەدا هیچ ڕۆڵێكی هەبێت؟، دەڵێت، جموجۆڵی پەرلەمانی ناتوانێت هیچ گۆڕانكارییەك دروست بكات لە كێشەكانی كارەبادا، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەیە و ئەم حكومەتە نامێنێت.

بابەتی پێشتر

ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە بۆ توشبوون بە زنجیرەی دەلتا کێن؟

بابەتی دواتر

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ تاوانەکانی شەش مانگی ڕابردووی تورکیا لە عەفرین بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share