ڕوی کۆستا پۆستی سەرۆکی یانەی وەرگرت

ئەستێرەی دێرینی پۆرتوگال و یانەی ئەی سی میلان، ڕوی کۆستا بەفەرمی وەک سەرۆکی یانەی بەنفیکا دەستنیشانکرا.

ڕێکەوتی حەوتی تەموزی 2021 دادگای باڵای پۆرتوگال بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و یاریکردن بە ئەنجامی ڕوبەڕوبوونەوەکان، بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی لویس فیلیپی ڤیێرای سەرۆکی یانەی بەنفیکا و سێ ئەندامی دیکەی یانەکە.

ڤیێرا کە لەساڵی 2003وە سەرۆکی یانەی بەنفیکایە، هاوشانی سێ کەسی دیکە، کە یەکێکیان کوڕەکەیەتی، لەلایەن دادگاوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، پڕۆسەکە بەگشتی ناونراوە پڕۆسەی کارتی سوور، تیایدا زیاتر لە 100 ملیۆن یورۆ لە نێوان یانەکە و کۆمپانیا تایبەتییەکان و کۆمپانیاکانی یاریکردن بە ئەنجامەکان ئاڵوگۆڕی پێكراوە، ڕەنگە ئەم تۆمەتانە بەسەر سەرۆکی یانە و ئەندامەکاندا ساغببنەوە، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات چیتر دەرفەتی گەڕانەوەی نامێنێت بۆ پۆستەکەی، بۆیە بە بڕیاری بۆردی کارگێڕی و دادگا لە پۆستەکەی هەڵپەسێردرا.

لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا، ئەنجومەنی کارگێڕی یانە بەفەرمی ڕوی کۆستای وەک سەرۆکی یانە دەستنیشانکرد، بەوپێیەی کەسایەتییەکی بەرزی لەنێوەندە وەرزشییە ئەوروپی و ناوخۆییەکاندا هەیە.

ڕوی کۆستا لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2006 لە یانەی میلانی ئیتاڵی یاریکردووە، یەکێکە لە باشترینەکانی وڵاتەکەی، لە کۆی تەمەنی وەرزشییدا 498 یاری بۆ یانەکانی بەنفیکا، فافی، فیۆرەنتینا و ئەی سی میلان کردووە و 66 گۆڵی تۆمارکردووە، لە نێوان ساڵانی 1993 بۆ 2004 درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پۆشیوە، 94 یاری بۆ وڵاتەکەی کردووە و تۆمارکەری 26 گۆڵ بووە.

بابەتی پێشتر

پلانی لاپۆرتا بووەتە شۆک بۆ بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

زانایان: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر قەبارەی جەستەی مرۆڤ هەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share