هاوینی یوڤانتۆس لەسەر بڕیاری کریستیانۆ وەستاوە

ئیدارەی یانەی یوڤانتۆس بەفەرمی هەڵوێستی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بۆ ئاشکرانەبووە، ئەم بابەتەش تەواوی گواستنەوەکانی ڕاگرتووە.

ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی نزیک لە یانەی یوڤانتۆس ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە لەنێوان خۆرخی مێندێزی لێپرسراوی کارەکانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بەڕێوەبەرانی بیانکۆنێری ئەنجامنەدراوە.

کریستیانۆ لە ئێستادا پشووی هاوینە لەگەڵ خێزانەکەی بەسەردەبات و بڕیارە پاش ماوەیەکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ شاری تۆرینۆ، بەڵام فیدریکۆ چیرۆبینی بەڕێوەبەری یوڤانتۆس هەوڵەکانی دەستپێکردووە، تاوەکو زووتر لە کاتی دیاریکراو یاریزانەکە بهێنێتەوە سەرهێڵ تایبەت بە بابەتی بەردەوامبوون و نوێکردنەوەی بۆندەکەی، یاخود ماڵئاواییکردنی ڕووەو یانەیەکی دیکە.

بەپێی سەرچاوەکە، یانەی یوڤانتۆس لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یەکەمیان بەردەوامبوونی کریستیانۆیە، لەم حاڵەتەشدا بەهۆی بەرزی موچەی پۆرتوگالییەکەوە ناتوانن هیچ یاریزانێکی دیکە دابینبکەن.

بژاردەی دووەمیش بریتییە لە جیابوونەوەی نێوان جەمسەرەکان، ئەگەر ئەم کارەش ڕووبدات، بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبەرانی یوڤی لە بری هێرشبەرێک، دەتوانن دووانی دیکە دابین بکەن.

کریستیانۆی تەمەن 36 ساڵ وەرزی ڕابردوو 33 یاری بەدرێسی یوڤانتۆسەوە لە خولی ئیتاڵیا ئەنجامدا، 29 گۆڵی تۆمارکرد و تەنها دوو گۆڵی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندوە، لە کۆی ڕوبەڕوبوونەوەکاندا هەشت جار وەک باشترین یاریزان دیاریکراوە.

بابەتی پێشتر

ساری: پەشیمانم لە بەجێهێشتنی چێڵسی

بابەتی دواتر

نێیمار ئەرجەنتینی دەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share