سیتی و پاریس نەکشاونەتەوە و چاوەڕوانی خوان لاپۆرتان

یانەکانی مانچستەر سیتی و پاریس سان جێرمان لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی نەکشاونەتەوە، بەڵکو چاوەڕوانی کۆتا ئەنجامی هەوڵەکانی خوان لاپۆرتا دەکەن بۆ نوێکردنەوەی بۆندەکەی.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لە ڕابردوودا ناسڕ خلێفی خاوەنی پاریس سان جێرمان ڕایگەیاندووە، “بێگومان حەزمان بە گواستنەوەی لیۆ مێسییە، بەڵام ئێمە هەوڵ بۆ یاریزانێک نادەین هێشتا پەیوەست بێت بە یانەیەکی دیکەوە، بە ئاشکراش سەرۆکایەتی بەرشلۆنەمان ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر بۆندەکەی کۆتاییدێت ئامادەین دانوستاندنی لەگەڵدا بکەین”.

سەرچاوەکە ئاماژەیکردووە، لیۆ مێسی خەونی بەردەوامبوونە لە یانەی بەرشلۆنە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ خوان لاپۆرتا دەستی بە دانوستان کردووە، جەمسەرەکان لە گفتوگۆیەکی چڕوپڕدان، بەڵام دواکەوتنی وادەی نوێکردنەوەی بۆند و کۆتاییهاتنی وادەکەی بەفەرمی گومانی بۆ کەتەلۆنییەکان دروستکردووە.

لەهەمان کاتدا پاریس لە ڕێگەی نێیمار و موچەی خەیاڵی و دی ماریا، ئیکاردی و پاریدێس و تەنانەت ماوریسیۆ پۆچتینۆوە، چەندینجار پەیوەندییان بە ئەفسانەکەی ئەرجەنتینەوە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە یانەی مانچستەر سیتی هاوشێوەی وەرزی ڕابردوو چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی دانوستاندنەکانی نێوان مێسی و لاپۆرتایە، هاوشانی پاریس لەڕووی داراییەوە توانای قایلکردنی “پوڵگا”یان هەیە، حەز و خواستی خۆشیان بە ئاشکرا ڕاگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

ئیتاڵیا دەیباتەوە یان ئیسپانیا؟ داتا مێژووییەکان بخوێنەرەوە

بابەتی دواتر

ساری: پەشیمانم لە بەجێهێشتنی چێڵسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share