بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و زۆرینەی هێزەکانی یەکێتی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
مەحمود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەكانی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیاند، “پرۆسەکە بەردەوامە و خەریکین و هێزێکی زۆر کەم ماوە کە نەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە”.
وتیشی، “زۆرینەی هێزەکانی یەکێتی ڕێککخراونەتەوە و خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، كە دیارترینی ئەو هێزانەش هێزەکانی پشتیوانی دوو بوون”.
سەنگاوی باسی لەوەشكرد، “کارەکان بەردەوامن و زۆر کەم لە هێزەکان ماوە کە ڕێکنەخرێتەوە و نەخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە”.
لەبارەی شەڕە تەقەکەی مانگی رابردووی سلێمانی كە لەنێوان ئاسایش و هێزێکی سەر كۆماندۆ ڕوویدا، مەحمود سەنگاوی ئاشكرایكرد، “ئەو کێشەیە دراوەتە یاسا، ڕەنگە شتەکە دوو لایەنە بێت و یەک لایەنە نەبێت، ئەوانەی هۆکاری کێشەکە بوون دراونەتە یاسا”.
لای خۆیەوە، مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بە ڕۆژنامەنوسانی وت، “پاش چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانان هێزەكانی پشتیوانی دوو چووەتە سەر وەزارەت و بە فەرمی ئیمزامان كردووە”.
لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە مستەفا چاوڕەش باسیلەوەكرد، “تائێستا بەرەدوامە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و كاتی دەوێت تا بەتەواوی یەك بگرێتەوە”.