لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە هەرەسهێنانی سیستمی تەندروستیی عێراق دەدات و دەڵێت، دوورنییە هەمان سیناریۆی هیندستان لەبارەی كۆرۆناوە لە عێراق دووبارە ببێتەوە.
عەبدولعەون عەبادی ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “دوای ئەوەی عێراق چوونە ناو شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای ڕاگەیاند، ئەگەرێکی دوورنییە هەمان سیناریۆی هیندستان لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە و کەرتی تەندروستی هەرەسبێنێت”.
عەبادی دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییان هیچ پابەندبوونێکیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی نییە و حکومەتی عێراقیش شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای ڕاگەیاند، مەترسی هەمان سیناریۆی هیندستان لە عێراقیش هەیە”.
ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەزارەتی تەندروستی شەپۆلی سێیەمی بە زۆر سەخت ناوبردووە و داوا لە هاوڵاتییان دەکات پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە، بەڵام بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتییان بۆ ئەو داواکارییە زۆر لاوازە و لەئاستی پێویست و مەترسییەکەدا نییە، لەبەکارهێنانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکە”.
داواش دەکات هاتوچۆی هاوڵاتییان و کرانەوەکان، بەشێوەیەك كە زیانی لەسەر بژێوی خەڵک نەبێت، مەرجی لەسەر دابنرێت، چونکە بەرزبوونەوەی بەردەوامی توشبوون و مردن بە كۆرۆنا مەترسی لەسەر هەموولایەک زیاتر دەکات.