شانەی قەیرانەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لەو هێرشانەی ئەمدواییە ئەنجامدراون، 61 تاوەر کراونەتە ئامانج و بەوهۆیەشەوە حەوت کەس کوژراون و 11ی دیکە برینداربوون.
دوای کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی سەبارەت بە گرفتی کارەبا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، شانەكە ڕایگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی، 61 تاوەری کارەبا تەقێندراونەتەوە، هەروەها حەوت کەس کوژراون و 11ی دیکە برینداربوون.
ئەمە لەكاتێكدا مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا سوپای عێراقی ڕاسپارد بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا و پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
کازمی كابینەكەی بێبەریكرد لەو گرفتی كارەبایەی وڵاتەكەی گرتووەتەوە، وتی، “ناکرێت کابینەی ئێستا، بەرپرسیارێتی 17 ساڵی بێسەروبەری و بەهەدەردانی کەرتی کارەبا بگرێتە ئەستۆ”.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، مستەفا کازمی هەریەکە لە وەزارەتی نەوت، دارایی و کارەبای دەستکراوەکردووە لە هەر هەنگاوێک کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا.
لەلایەکی دیکەوە حسێن عەلاوی ڕاوێژکاری مستەفا کازمی ڕایگەیاند، بەغداد لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، ئوردن و میسر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە و لەچەند مانگی داهاتوودا گفتوگۆکان بەرهەمیان دەبێت.
وتیشی یەکێکی دیکە لەو ڕێکارانەی حکومەت دەیگرێتەبەر وەک چارەسەر سوودوەرگرتنە لە وزەی خۆر.
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە کاتژمێرەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەتەواوی کەمبوونەتەوە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیش بەهۆی لەکارکەوتنی لەناکاوی سیستمی کارەبای عێراق، کارەبا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کوژایەوە.
دوای ڕووداوەکە وەزیری کارەبای عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەباش لەلایەن کازمییەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەرپرسانی عێراق باس لەوەدەکەن، تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لەحاڵەتی ئاساییدا 16 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 30 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.