جۆ بایدن: لەبارەی ئەفغانستانەوە پرسیار مەکەن، با شتێکی خۆش باسبکەین

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ و مەترسیی هێرشی تاڵیبان، ئەفغانییەکانی خستووەتە ترسەوە و قسەکەی دوێنێی سەرۆکی ئەمریکاش هێندەی دیکە نیگەرانیی ئەوانی لەبارەی ئایندەیانەوە زیادکرد.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ هەینی پرسیاری دۆخی ئەفغانستانیان لێکرد، بایدن لە وەڵامدا وتی، “لەبارەی ئەفغانستانەوە پرسیاریم لێمەکەن، با باسی هەندێک شتی خۆش بکەین”.

هۆکاری ئەم قسەیەی بایدن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سبەی ٤ی تەموز، ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکایە و ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن لەو ڕۆژەدا شادی دەرببڕن، بۆیە ئەمە هۆکاری سەرەکی قسەکەی بایدن بووە لەبارەی ئەفغانستانەوە.

دوێنێ هەینی، ٢ی تەموز،  هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ، بنکەی سەربازی “باگرام”یان لە ئەفغانستان چۆڵکرد و کشاونەوە.

لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بنکەی سەربازی باگرام وەک ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دانراوە و کشانەوە لەو بنکەیە هێندەی دیکە حکومەتی ئەفغانستانی تووشی شڵەژان کردووە.

ئێستا ئەمریکا لە کۆتا قۆناغەکانی کشانەوەیدایە لە ئەفغانستان و حکومەتی ئەو وڵاتەش خۆی ئامادە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان، کە هەڕەشەی ڕووخانی حکومەت دەکات.

تاڵیبان بەڵێنیداوە دەوڵەتێکی ئیسلامی دروست بکات، لەکاتێکدا ئەفغانییەکان ئەزموونیان لەگەڵ ئیدارەی تاڵیبان هەیە و دەزانن دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و هەندێک مافی سەرەتاییان دەکەوێتە مەترسییەوە.

دڵەڕاوکێ و بە تەنها جێهێشتنی ئەفغانییەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تاڵیباندا، دوای قسەکەی جۆ بایدن هێندەی دیکە زیادیکردووە، چونکە بەشێک لە ئەفغانییەکان پێیانوایە ئەمریکا بە تەنها جێیهێشتوون و باکی بە ڕووداوەکانی دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان نییە.

بابەتی پێشتر

زیرەکیی دەستکرد.. مرۆڤ دەبێت چاوەڕوانی چی بێت لەداهاتوودا!

بابەتی دواتر

سەنتەری میترۆ پڕۆژەیەک بۆ پاڵپشتی ڕۆژنامەنووسان ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
6
Share