پەیەدە وەڵامی دژەتیرۆری پارتی دەداتەوە: ڕاگەیەندراوەكەتان حەقیقەتی دامەزراوەكە نیشاندەدات

پەیەدە وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) سەبارەت بە گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، ئەو زمانە خزمەت بە كەس ناكات، دوژمنانی كورد نەبێت، “زاراوە نائەخلاقییەكانیشی حەقیقەتی ئەو دامەزراوەیە نیشاندەدات”.

ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو ڕاگەیەندراوەی “بەناو دژەتیرۆری باشووری کوردستان” بڵاویکردووەتەوە و تێیدا پەیەدە تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی ئەمین عیسا، ئەو ڕاگەیەندراوە “دوژمنکارانەیە و ڕاستییەکانی شێواندووە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدەدا هاتووە، “لەکاتێکدا نوێنەری ئیدارەی خۆسەر و نوێنەری پەیەدە لەلایەن هەواڵگریی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە هەولێر دەستگیرکراون و تائێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووسیان نییە، ئەوەی بە دژەتیرۆری کوردستان ناویدەبەن،  هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی دوژمنکارانە دژی حزبمان و شێواندنی ڕاستییەکان”.

“پارتی یەکێتیی دیموکرات یەکێکە لەو حزبانەی ڕوبەڕووی زۆرترین توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستگیرکردن بووەتەوە بەهۆی بەرگریکردن لە هاوڵاتییانی کورد دژی هەر سوکایەتی و هێرشکردنێک بۆسەر کورد، لەو پێناوەدا دەیان شەهیدی داوە، نزیکترین نمونەش دەستگیرکردنی نوێنەرەکەیەتی لە هەولێر بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک”، پەیەدە وادەڵێت.

ئیدانەی زمانی ڕاگەیەندراوەكەی دژەتیرۆری كوردستانیش دەكات بەوەی “دوژمنکارانە”یە و “ئەو زاراوە و وتە نائەخلاقییانە و دوور لە هەموو بەهایەک، حەقیقەتی ئەو دامەزراوەیە نیشاندەدات”.

پەیەدە دەشڵێت، “ئێمە دژی زۆردارییەکانی بەعس و داعش وەستاین، دژی هەر دووڕوویی و کارێکی دوژمنکارانەش دەوەستینەوە لەنێوان کورددا بکرێت، وەک پێشتر بە دەستگرتن بە بەهای شەهیدەکانمان، بەهای گەلەکەمان دەمێنینەوە و پارێزگاری لێدەکەین”.

پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەزگای دژە تیرۆر بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، “شەھیدکردنی ئەمین عیسا لە ژێر ئەشکەنجەدا بەردەوامی کردارە چەپەڵ و دژە مرۆڤایەتییەکانی پەکەکەیە”.

دژە تیرۆر ڕایگەیاندووە، ” دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و شەھیدکردنی ئەمین عیسا لەلایەن پەیەدەوە، کە درێژکراوەی پەکەکەیە و ئیدانەکردنی ئەم تاوانە لەلایەن بالێۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە سووریا دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە، کە پەکەکە و پەیەدە وەك دوو رووی دراوێك، جگە لە ھێزێکی دژە مرۆڤایەتی، شموولی، تاکڕەو، خۆسەپێن و دژە کوردستانی ھیچی دیکە نییە”.

بابەتی پێشتر

ئاگرێك لە گاپیڵۆن زیان بە سنوورەكە و مەڕوماڵاتی گوندنشینان دەگەیەنێت

بابەتی دواتر

توركیا لە ئەمریكا نیگەرانە<br> دوای دانانیەتی لە لیستی وڵاتانی تێوەگلاو لە بەسەربازكردنی منداڵان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share