سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، بەرهەمی شووتی زۆر زیاترە لە پێویستیی ناوخۆ، هەر بۆیە بەشێکی زۆری بەرهەم هەناردە دەکرێت و ماوەی هەفتەیەکە پڕۆسەی هەناردەکردنی شووتیی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خێراتر بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکانەوە، بەرهەمی شووتی زۆر باش بوو، شووتی سنووری هەولێر، تەقتەق، شارەزوور و ئاکرێ بەدوور بوون لە هەموو ئافات و نەخۆشییەک.
بە وتەی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ڕۆژانە زیاتر لە 2000 تۆن شووتی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت و سەدا 65ـی هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
هەروەها وتیشی، “لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند کەسێک بۆ لێدان لە بەرهەمی خۆماڵی، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە دەرمای دراوەتێ، کە ئەمە دووربوو لە ڕاستییەوە، ساڵ بە ساڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان ڕۆشنبیرتر دەبن لە بەرهەمهێنان و پێشخستنی کوالێتیی بەرهەمەکانیان، ئێستا لە ڕێگەی ئەندازیار کشتوکاڵیی شارەزاوە دەرمان دەدرێت بە بەرهەمەکان و لیژنەکانی قائیمقامیەتیش لە پارێزگاکان چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن کە دەرمانی کشتوکاڵی دەفرۆشن بۆ ئەوەی دەرمانێکی تەندروست بدەن بە جوتیاران.”
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی جەختیکردەوە کە کوالێتیی شووتیی ناوخۆ زۆر باشە و هاوڵاتییان دەتوانن بێ هیچ ترسێک بەکاریبێنن، ئەگەر بەرهەمێک شیاوی بەکارهێنان نەبێت یاخود دەرمانی ناتەندروستی بۆ بەکارهاتبێت و لە میدیاکانەوە باسیان کردووە و هاوڵاتییانیان ئاگادارکردووەتەوە.