بەبۆنەی کۆتایهاتنی کارەکەیەوە وەک کونسوڵی گشتی بەریتانیا، جەیمس سۆرنتن چوار داواکاری لە هەرێم و دەسەڵاتداران هەیە و داوای چاکسازیش دەکات.
جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە پەیامی کۆتای کارەکەیدا دەڵێت، “هەرێمی کوردستان پێویستە چاکسازی ئەنجامبدات و بەریتانیاش وەک چۆن پشتگیری چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکات، ئاواش پشتگیری چاکسازییە بەگشتی”.
یەکێکی دیکە لە داواکانی کونسوڵی بەریتانیا ئازادی ڕادەربڕینە، ئەو داواکارە، هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە ئازادی ڕادەربڕین بکات و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، وەک چۆن ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەهەندێک خاڵ کردووە کە پێویستە ئەنجام بدرێت.
پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد خواستی کونسوڵی بەریتانیایە لە هەولێر و ڕایدەگەیەنێت، “مانەوەی پەیوەندی بۆ عێراقێکی بەهێز، زامنی مانەوەی هەرێمی کوردستانە بە بەهێزی”.
جەیمس سۆرنتن ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەلی باشی ئابووری هەیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت چاکسازی و وربینی بکرێت و دەرفەت هەیە هەولێر ببێتە دوبەی عێراق”.
لە کۆتاییدا کونسوڵی بەریتانیا دڵنیایی دەدات لە مانەوەی وڵاتەکەی وەک دۆستێکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش بەریتانیا هیوادارە هەرێم لەوبوارانەدا هەنگاو هەڵگرێت.