وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای کارەباوە بڵاوکردەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لەبارەی دۆخی ئێستای کارەباوە ڕوونکردنەوە دەداتە هاوڵاتییان و دەڵێت، 600 مێگاوات کارەبا بەهۆی چاکسازی یەکەکانەوە کەمبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، ” ڕۆژی 15 حوزەیرانەوە، 5 یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە لە کار کەوتوون، کە بە هۆیەوە 600 مێگاوات کارەبا لە توڕی نیشتمانی کەمبووەتەوە و کێشەی پەستانی گاز لە وێستگەی خەبات چارەسەر کراوە و 350 تا 400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو توری نیشتمانی گەرێندرایەوە و بەھۆیەوە بڕی بەرھەمھێنانی گشتی بەرز بووەتەوە”.

وەزارەتی کارەبا ئاماژە بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە دهۆک دەکات و دەڵێت، ” لە دهۆک توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبامان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی تەنیا 80 تا 100 مێگاوات بەرهەم دێنین، تەنیا %10 بەکار خراوە، بۆیە کێشەی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی کارەبا نەبوونی سوتەمەنییە”.

لەبارەی پێدانی کارەبا بە عێراق وەزارەتی کارەبا ئاشکرایکردووە، ” وەزارەتی کارەبا هیچ لەو بڕە کارەبایەی کە بۆ خۆی بەرهەم دێنێت، ناداتە هیچ شوێنێکی دیکە، 340 مێگاوات لەو وێستگەیانە کە بە هۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لە کار وەستاون، لە لایەن عێراقەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ بەکار خراون”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبای هەرێم، عێراق بۆ خۆی لە رێگەی کۆمپانیانیاکانەوە سوتەمەنی دیزل دابین دەکات و هیچ پەیوەندییەک بەو کارەبایەوە نییە، کە دەدەرێتە هاووڵاتیانی کوردستان.

پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا هەیە،بەڵام ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 مێگاواتە، چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 3500 مێگاوات، لەگەڵ ئەوەش بە بوونی سوتەمەنی دەتوانرێت 1000 مێگاوات لە دهۆک و 1000 مێگاواتی دیکەشی لە هەولێر و سلێمانی بەرهەم بهێنرێت.

بابەتی پێشتر

کونسوڵی گشتی بەریتانیا چوار داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات

بابەتی دواتر

ئەمریکا و ناتۆ لە بنکەی سەرەکیان لە ئەفغانستان کشانەوە و وڵاتەکەش لە دووڕیانی شەڕدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share