نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 76.50 دۆلار، بەردەوامبوونی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لەسەر بڕیاری سنوورداركردنی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكان، كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەكە هەبووە.
ئەم بەیانییە نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بەخوار 75 دۆلار دەستی بە مامەڵە كرد، بەڵام دوای نیوەڕۆ نرخەكەی زیاتر لە 2% بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز، بڵاویكردەوە، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 2.36% بەرزبووەتەوە و 1.75 دۆلاری چووەتە سەر، هەر بەرمیلێک بە زیاتر لە 76.50 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات، نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریکا 2.33 دۆلار بەرزبووەوە، کە دەکاتە ڕێژەی 3.14%، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 75.78 دۆلار.
ڕۆیتەرز هۆكاری بەرزبوونەوەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە بەردەوام بن لەسەر بڕیاری سنوورداركردنی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە نێوان مانگەكانی ئاب بۆ كانونی یەكەم، ڕۆژانە تەنها دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراو زیاتر دەنێرنە بازاڕەكانەوە.