سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران داوادەكات حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی وڵات “هەزار جار” لەسێدارەبدرێت.
موجتەبا زولنوری، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە تویتێكدا ڕوو لە ڕۆحانی دەڵێت، “زۆرینەی زۆری نەتەوەی ئێران ڕازی نابێت بە كەمتر لە لەسەركارلادان و سزادانت، پێویستە لەسەر عەلی خامنەیی فەرمانی لەسێدارەدانت هەزار جار دەربكات، تا دڵی گەل ڕازی بكات”.
ئەو تویتە پاش لێدوانەكەی ڕۆژی چوارشەممەی حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران دێت دەربارەی ئەو ئاشتەواییەی ئیمام حوسێن، كوڕی ئیمام عەلی ئەبی تاڵب لەگەڵ معاوییە ئەبی سوفیان ئەنجامیدا، كە والێكدرایەوە بانگەشەی رۆحانی-یە بۆ گفتوگۆ و ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا.
ڕۆحانی چوارشەممە وتی، “پێویستە لەسەر ئێرانییەكان پیاوی ئاشتی بن لە زەمەنی ئاشتیدا، پیاوی شەڕیش لە زەمی شەڕدا” ئەوەشی وت، “ئێران هەڵە دەكات ئەگەر شەڕ لە زەمەنی ئاشتی و، ئاشتی لە زەمەنی شەڕدا بكات”.
سەرۆكی ئێران ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە بەهۆی دۆخی دژواری ئابوری و گوزەران و هەرەسهێنانی دراو و بەرزبوونەوەی شمەكە پێویست و سەرەكییەكان.