ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانمان لە عێراق و سوریا بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بوو

ئەمریکا هۆکاری هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر گروپە چەکدارەکانی عێراقی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن بووە لە ئێران و ئەو گروپانە لە هێرشی زیاتر بۆسەر دامەزراوەکانی ئەمریکا.

لیندا تۆماس گرینفێڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئەنجامیاندا، ئەو دامەزراوانەی گروپە چەکدارەکانی کردە ئامانج، کە بۆ ئەنجامدانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کردنە ئامانجی دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بەکاریاندەهێنن.

لە بەندی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ڕێگە بەهەر وڵاتێک دەدرێت بۆ ئەنجامدانی هەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازی بۆ بەرگریکردن لەخۆی، لەکاتی ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشی چەکداری.

لە پەیامێکی نوسراودا، کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لیندا گرینفێڵد دەڵێت، “گرتنەبەری ڕێگای سەربازی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی گروپە چەکدارەکان لەکاتێکدایە، کە هیچ یەکێک لە ڕێگا ناسەربازییەکان نەیانتوانیوە ئەو مەترسییانە کەمبکەنەوە، ئامانجی هێرشەکان کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دووبارەنەبوونەوەی هێرشی سەر دامەزراوەکانی ئەمریکایە”.

ڕۆژی سێشەممە جۆ بایدن پەیامێکی هاوشێوەی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد و ئاشکرایکرد، “ئەمریکا ئامادەیە بۆ هەر جوڵەیەکی دیکەی هاوشێوە ئەگەر پێویستبکات، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەر مەترسی یان هێرشێکی دیکە”.

بەرەبەیانی دووشەممە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر بنکە و بارەگاكانی چەند گروپێكی سەر بە حەشدی شەعبی لە شاری ئەلبوكەمال-ی نێوان سوریا و عێراق ئەنجامدا، بەرپرسێکی ئەمریکیش ڕۆژی سێشەممە ئاشکرایکرد، لەو هێرشەدا 34 موشەکیان ئاڕاستەی ئەو بنکانە کردووە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئۆکرانیا لە کۆتا ساتدا سویدی تێپەڕاند و سەرکەوت بۆ چارەکی کۆتایی یورۆ

بابەتی دواتر

توێژینەوەکان: فایزەر و مۆدێرنا بەدرێژایی تەمەن بەرگری دژی کۆرۆنا دروستدەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share