حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕوداوەكەی بەغداد هاتەدەنگ

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی سوتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی لە بەغداد شەرمەزار دەكات.

 

حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی سوتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.

دەشڵێت، “بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و ڕێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان  بگرێتەبەر”.

ڕاگەیەنراوەكە دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی چونە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد و سوتاندیان.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لێكردووە “لیژنەی تایبەتمەند لێكۆڵینەوەی خێرا ئەنجامبدەن و ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بگیرێتەبەر”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

راگەیاندراوێک لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.

هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە.

پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرۆپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و رێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.

داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، رێوشوێنی یاسای لەبەربگرێت وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەێنن تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/10/17

بابەتی پێشتر

بۆ تێپەڕبوونی هەر فڕۆكەیەك بە ئاسمانی عێراقدا 450 دۆلار وەردەگیرێت

بابەتی دواتر

كارمەندانی كارەبای سلێمانی دژی بەتایبەت كردنی كەرتی كارەبان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share