قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەم، لەبارەی سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد و ئاڵای کوردستان ڕایگەیاند کە سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد جێگای قبوڵکردن نییە.
جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، “بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغداد لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستور و سیمای فرەجۆریی عێراقە”.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوە “زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا و ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەیەکڕیزی و تەبایی هەیە”.