وەرگرتنی ڤاکسینی جیاواز.. وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکان قسەی جیاواز دەكەن

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە لەڕووی زانستی پزیشکییەوە ڕێگەپێدراوبێت دوو ژەمە ڤاکسینی جیاواز وەربگیرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دەڵێن، لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێگەپێدراوە و لە هەرێمیش لەو حاڵەتانە بوونی هەیە.

ئێستا بەشێکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان خواستیان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەرە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، ئەمەش وایکردووە هەندێکیان دەستببەن بۆئەوەی ئەگەر ژەمی یەکەمیشیان جۆرە ڤاکسینێکی دیاریكراو بووبێت، بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەم هەوڵی وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر بدەن.

لەبارەی ئەوەی تاچەند ڕێگەپێدراوە کەسێک دوو ژەمە ڤاکسینی جیاواز وەربگرێت؟ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاشکرایکرد، دەکرێت کەسێک دوو ژەمی جیاوازی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت و بەپێی ئەزموونەکان زیانی تەندروستیی نییە.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەدڵنیایی حاڵەتی لەوجۆرە هەیە کەسێک بیەوێت لە ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەیدا جۆرێکی دیکە وەربگرێت، لەڕووی زانستیشەوە ئاساییە، هەرچەندە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەفەرمی ڕێگەی پێنەداوە، لە بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپاش، کە ئەسترازێنیکایان ڕاگرتووە، ئەوانەی ژەمی یەکەمیان ئەسترازێنیکا بووە، ئێستا فایزەر یان جۆری دیکەی ڤاکسینیان وەک ژەمی دووەم پێدەدرێت”.

باسی لەوەشکرد، لە سنووری تەندروستیی هەولێر بەفەرمی هیچ حاڵەتێکی لەوجۆرە تۆمارنەکراوە، بەڵام بە دڵنیایی کەسانێک هەن خۆیان ئەو کارەیان کردووە.

هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا هەڵمەتی کوتانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار کەس ژەمی ڤاکسینیان بە هەموو جۆرەکانیەوە وەرگرتووە، تائێستا لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ڤاکسین دابەشدەکرێن، ئەوانیش ڤاکسینی فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم-ن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دڵنیاییدا، کە کەسانێکی زۆرهەن دەیانەوێت ژەمی جیاوازی ڤاکسین وەربگرن، بەتایبەت ئەوانەی ژەمی یەکەمیان ڤاکسینی ئەسترازێنیکا و سینۆفارمە، بۆ ژەمی دووەم دەیانەوێت فایزەر وەربگرن.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بەو بابەتە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەناو ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە ژمارەیەکی زۆر هەن دەیانەوێت ژەمی دووەمیان جۆرێکی دیکەی ڤاكسین بێت، بەتایبەت ئەوانەی دەیانەوێت فایزەر وەربگرن و ژەمی یەکەمیان جۆرەکانی دیکە بووە”، جەختیکردەوە، هەرچەندە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەسەندی نەکردووە، بەڵام لەڕووی تەندروستییەوە کێشە بۆ ئەو کەسە دروستناکات کە وەریدەگرێت، چونکە پێکهاتەی دروستکردنی ڤاکسینەکان لەیەکەوە نزیکن.

وتیشی، “ڕاستە ئێمە وەکو لایەنی پەیوەندیدار بە فەرمی تۆمارمان نەکردووە کەسێک دوو جۆری جیاوازی ڤاکسینی وەرگرتبێت، بەڵام گومانمان نییە بەشێک لە هاوڵاتییان خۆبەخۆ ئەو کارەیان کردووە”.

لە هەمانکاتدا دکتۆر حەمزە ڕەزکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک بۆ ئێستا وتی، “حاڵەتەکە هەیە، بەڵام هاوڵاتی خۆی ئەو کارەی کردووە، نەک ئێمە وەک تەندروستی بۆمان کردبێت، لەڕووی تەندروستیشەوە پێمانوانییە کێشەی هەبێت”.

جیاواز لە وتەی بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگاکان، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەهیچ شێوەیەک لەڕووی زانستییەوە ڕێگە بە وەرگرتنی دوو ڤاکسینی جیاواز نەدراوە بۆ یەک وەرگر، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڕێگەی بەو حاڵەتە نەداوە، بۆیە کارێکی نازانستی و هەڵەیە”.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی حاشای لە بوونی حاڵەتی لەوجۆرە لە هەرێمی کوردستان نەکرد و وتی، بەدڵنیایی خەڵکانێک هەن ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان جۆرێکە و دواتر بەویستی خۆیان و بێ ڕەزامەندیی لایەنی تەندروستی، ژەمی دووەمی جۆرێکی دیکەی وەرگرتووە.

بابەتی پێشتر

فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو بەرپرسی پێشووتری پۆلیسی كەركوك دەركرا

بابەتی دواتر

تابلۆیەکی 116 ساڵەی دزراوی پیکاسۆ دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share