تەندروستیی عێراق: هەر پێداویستییەكی تەندروستی دابینبكرێت بەشێكی بۆ هەرێم دەبێت

بەرپرسێكی تەندروستیی عێراق دەڵێت، هەر پێداویستییەكی تایبەت بە كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان دابینبكرێت، بەشێكی بۆ هەرێم دەبێت و دەشڵێت، هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی لە شارەكانی هەرێمدا هەیە.

د. سینان غازی مەهدی، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، نەخۆشییە گوازراوەكان، نەخۆشییەكن سنوور ناناسن، بۆیە پێویست بە هاوكاری و پاڵپشتیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لەوانە، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكانی دیكە، بۆ رێگری لە روودانی ئەم جۆرە نەخۆشییانە.

وتیشی، “لە هەموو فەرمانگەیەكی تەندروستی بەشێكی بەرپرس هەیە بۆ چاودێریی ئەم نەخۆشییانە و بەدواداچوونی ئەو رێنماییانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە گشتاندنیان پێدەكرێت”.

د. سینان غازی ئەوەشی خستەڕوو، هەماهەنگیی بەردەوامی رۆژانە، هەفتانە و مانگانە بەپێی ئەو نەخۆشییانەی پێویستە ریشەكێش بكرێن هەیە لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەكان و لەنێویشیاندا وەزارەت و فەرمانگە تەندروستییەكانی هەرێم.

روونیشیكردەوە، هەر پێداویستییەك بۆ هەر نەخۆشییەكی گوازراوە كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە دابینبكرێت، لە رووی دەرمان، كەلوپەلی خۆپارێزی، دەرمانی لەناوبەر، پشكنین و هەر ماددەیەكی چێوەی پلانی كۆنتڕۆڵكردن، بەشێكی بۆ فەرمانگەكانی هەرێم دەبێت.

ئەو وتانەی بەرپرسەكەی تەندروستی لە پەراوێزی ئەو سیمپۆزیۆم-ەدا بوو كە ئەمڕۆ تایبەت بە خۆپارێزی و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان لە سلێمانی ئەنجامدرا.

بابەتی پێشتر

 (NBA) یوتا جاز، لەیکەرزی دووچاری شەشەم دۆڕاندن کرد

بابەتی دواتر

ڕۆدریگۆ بۆ ڤیدال: لە کاتی خۆیدا قسە دەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share