كۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق، میسر و ئوردن كۆتاییهات و لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا باسیان لەوەكردووە، لەكۆبوونەوەكە جەختیان لەبەردەمی کاری هاوبەش و هەماهەنگی سێ لایەنە کردووەتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چاکسازی و سەپاندنی یاسا دووپاتکردەوە.
لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عێراق و میسر و ئوردن كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغداد بە بەشداری عەبدولفەتاح سیسی سەۆكی میسر و شاعەبدوڵڵا پادشای ئوردن بەڕێوەچوو تیایدا هاتووە، ڕێککەوتوون لە بوارەكانی ئابوری و بازرگانی و ڕێگاوبان و چەندین بواری دیكە هاوكاری یەكتر بكەن.
هەروەها لە بەیاننامەكە ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقكراوە، لە ڕوبەڕبوونەوە و دژایەتیکردنی تیرۆر.
لەخاڵێكی دیكەی بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە،هەوڵەکانی حکومەتی بەهەند وەردەگرین لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازی و پلانی حکومەت، کە کاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی عێراق، بەهۆی نزمبونەوەی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناوە هاتە ئاراوە.
هەر لەبەیاننامەکەدا ئوردن و میسر پشیتوانیی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕیووە، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، کە بڕیارە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هەر دوو وڵاتەكە پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیشیان کردووە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەروەیی نیشتیمانی عێراق و ڕێگریکردن لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە.
لەكۆتایی بەیاننامەكە هاتووە، سەرۆكی هەر سێ وڵاتەكە ڕێککەوتوون لەسەر پێیوستی بەهێزکردنی پرۆژەی بەستنەوەی وزەی کارەبای هەرسێ وڵات و بەسەتنەوەی تۆڕی غازی هاوبەش لە نیوان عێراق و میسر بە خاکی ئوردندا و ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی ئوردنەوە.