وەزارەتی کارەبا لەبارەی بڕی پێدانی کارەباوە هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بڕی 1150 مێگاوات کورتهێنان دروستبووە و هەروەها بەھۆی گرفتی پەستانی گازی سروشتی لە وێستگەی خورمەلە، بە بڕی 350 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە، ” بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان 3350 مێگاواتە، خواست لەسەر کارەبا 4500 مێگاواتە، واتە بەم دۆخەی ئێستاوە بڕی 1150 مێگاوات کورتهێنان دروستبووە، ئەوەش وایکردووە 13 بۆ 15 کاتژمێر کارەبا بدرێتە هاوڵاتیان”.

وەزارەتی کارەبا کار لەسەر گەڕانەوەی چوار یەکەی بەرهەمێنان لە هەولێر و سلێمانی دەکات، کە توانای بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبایان ھەیە و دەیەوێت بەو بڕە کەمێک کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەرزبکاتەوە.

ساڵانە لە وەرزی گەرما و سەرمادا، بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان کەمدەبێتەوە، وەزارەتی کارەباش هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی خواستی هاوڵاتییان لەسەر کارەبای نیشتمانی، واتە لە وەرزی هاویندا بۆ فێنکەرەوە و لە وەرزی زستانیشدا بۆ گەرمکەرەوە.

وەزارەتی کارەبا لە وەرزی زستاندا، پێی وایە، بەهۆی پێنەدانی نەوت هاوڵاتییان ناچار دەبن، بۆ خۆگەرمکردنەوە کارەبا بەکاربهێنن.

کێشەی زۆری بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوبەشان و هاوڵاتییانەوە پرسێکی گەرمە لای وەزارەتی کارەبا و ئێستا لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە کە پێی دەوترێت “پێوەری زیرەک” دەیەوێت کێشەی نادادی لە بەکارهێنانی کارەبادا چارەسەربکات، بەڵام پڕۆژەکە بەهۆی تەواونەبوونیەوە لە ئێستادا فریای هاوڵاتیان لە وەرزی گەرمادا نەکەوت.

بابەتی پێشتر

گرنگترین ئەو خاڵانەی عێراق، میسر و ئوردن لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەسەری ڕێككەوتن

بابەتی دواتر

سەدر: خراپی دۆخی كارەبا ناوبانگێكی خراپی بۆ عێراق دروستكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share