بەپێی کارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان، لایەنی حکومەت ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت، بۆ وەڵامدانەوەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە و یاسای چاکسازی و داهاتی ناوخۆ بداتەوە.
لەسەر ئەو پرسە عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزه و سامانە سروشتیهكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پەرلەمانی کوردستان لە بانگێشتی پەرلەمانتاران و ئاشکراکردنی کارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەماندا، باسی لەوە کردووە، لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتەوە ئامادەی دانیشتنەکە دەبێت، کە نازانرێت ئەو لایەنی پەیوەندیدارە کێیە”.
بە وتەی سەرۆکی لیژنەی وزه و سامانە سروشتیهكان حکومەتی هەرێم سبەی دەبێت، وەڵامی ئەوە بداتەوە، کە “داهاتی ناوخۆ چۆن ڕێکدەخرێتەوە و داهاتەکان چیان لێدێت؟ هەروەها ڕونکردنەوە بدات لە بەردەوامی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران”.
بەپێی ئەو خاڵەی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان، کە سبەی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، لایەنی حکومەت دەبێت، وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری دارایی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.
چونکە بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیان وای، زانیاری و داتاکان لای ئەو دوو وەزیرەی حکومەتە، سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ و لێبڕینی موچە.