دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنن، حکومەتی هەرێم هیچ یەكێك لە بەڵێنەکان و بەندەکانی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێناکات و ناردنی شاندەکانیش تەنیا بۆ چەواشەکارییە.
غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەمرۆ لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت و پلانی ستراتیژی دەربارەی پرسی موچە و میلاکی فەرمابەرانی فیدڕاڵی لە کوردستان (پاسپۆرت، نشینگە، ڕەگەزنامە، زانیاری و بەنداوەکان)، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ پێی رٍاگەیاندین، بە فەرمی چەند جارێک داوایان لە حکومەتی هەرێمکردووە بەیاناتی فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانیان بۆ بنێرن تا موچەکانیان بگوازنەوە بۆ بەغداد، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادە نییە داتاکان ڕادەستی بەغداد بکات”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “وەزیری داراییش بە وەزیری ناوخۆی وتووە حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ کام لە بەیاناتی فەرمانبەرانی هەرێم و داتای داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغداد نەکردووە، هەربۆیە کێشەی پشکی هەرێمیش بێ چارەسەر ماوەتەوە”.
ئەو دوو پەرلەمانتارە دەشڵێن، “پێویستە رٍایگشتی ئاگادار بێت کە حکومەتی هەرێم هیچ کام لە بەڵێنەکان و بەندەکانی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێناکات و ناردنی شاندەکانیش تەنیا بۆ چەواشەکارییە، ئەوەش بنەمای سەرەکی کێشەی دارایی نێوان هەرێم و بەغدادە”.