ئەمریکا ئیدانەی تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی S-400 لەلایەن تورکیاوە دەکات

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لەبارەی ھەواڵی تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی S-400 لەلایەن تورکیاوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند “ئەگەر ئەم ھەواڵانە ڕاست بن، وەزارەتی بەرگریی بە توندی ئیدانەی ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات”.

جۆناسان ھۆفمان ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەم، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە پنتاگۆن ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵەیە و وتیشی، “ئەگەر ئەم ھەواڵانە ڕاست بن، وەزارەتی بەرگریی بە توندی ئیدانەی ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات، بە ئاشکرای ئاماژەمان بەوە کردووە کە سیستەمی S-400 لەگەڵ ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا یەکناگرێتەوە”.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆناسان ھۆفمان ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان دژی کڕینی ئەم سیستەمە بوون لەلایەن تورکیاوە و وتیشی، “نیگەرانین لە بەرامبەر ھەواڵی بەکارھێنانی سیستەمەکە بە شێوەیەکی کرداریی لەلایەن تورکیاوە، نابێ چالاک بکرێت، ئەنجامدانی ئەمە مەترسی کێشەی جددی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییە ئەمنییەکانمان”.

جۆناسان ھۆفمان ئاشکراشیکرد کە بەھۆی کڕینی سیستەمی S-400 بەشداری تورکیا لە پرۆگرامی F-35 ھەڵپەسێردراوە و دەڵێت، ” S-400 ڕێگرە لە ئەنجامدانی ھەماھەنگی لە بوارەکانی دیکەدا”.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی، وەزارەتی بەرگری تورکیا، ئاگادارییەکی لە پارێزگای سینۆپ بڵاوکردوەتەوە تاقیکردنەوەی موشەکی دەکرێت و بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، تاقیکردنەوەکە بۆ بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی  S-400ە لەبەرامبەر فڕۆکەی بێگانە و موشەکی ئاڕاستەکراو بۆ سنورەکانی تورکیا.

تورکیا لە ساڵی 2017 وە گرێبەستێکی بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ کڕینی سیستمە موشەکییە ڕوسییەکە واژوو کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا ڕاداری ناو سیستمەکە تاقیکرایەوە و بڕیاریشە موشەکەکە هەڵبدرێت و لەسەر ئامانجە دەرەکییەکان تاقیبکرێتەوە.

بابەتی پێشتر

دەیان پەنابەری عێراقی بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ ئەڵمانیا

بابەتی دواتر

کەرکوک.. سەرکردەیەکی داعش کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share