سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی ناردنی ئەو پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێم بنێردرێت ڕایگەیاند، سولفەیە و بۆ ئەوەیە حکومەتی هەرێم بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراق مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “دەنگێک هەیە کە ناڕازییە لە ناردنی ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دانراوە، ئەویش پەیوەستە بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و ئەو لایەنانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن”.
کازمی جارێکی دیکە ئەوەی دووبارە کردەوە کە ناکرێت فەرمانبەرانی هەرێم بێ موچە بن، ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دانراوە کاتێک ڕەوانە دەکرێت، کە دیوانی چاودێری فیدڕاڵی و هەرێم داتاکانیان بەراورد دەکەن و بڕیار دەدەن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی دوپاتکردەوە، پارەکە کە دانراوە بۆ هەرێم پێدانی موچەیە و پێشکەشی هەرێم دەکرێت، دواتر ئەو پارەیە لە هەژماری هەرێم دەبڕێتەوە”.
جیاواز لە جارەکانی دیکە کازمی دانی بەوەدانا، بەشێک لە لایەنەکان دژی ناردنی ئەو پارەیەن بۆ هەرێم دانراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژایەتی خۆیان بۆ ڕەوانەکردنی ئەو بڕە پارەیە ئاشکراکردووە.