ئەنجومەنی وەزیران تائێستا گفتوگۆکانی لەبارەی بودجەوە کۆتایی پێنەهێناوە

تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی بە گفتوگۆكانی نەهێناوە لەبارەی بودجەوە، لە كۆبوونەوەی هەفتانەیدا، كە بڕیارە ئەمڕۆ بكرێت، ئەنجومەنەكە دووبارە پرسی بودجە تاوتوێدەكاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تەوەرێکی سەرەکیی تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکانی ڕەشنووسی بودجە.

هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند بە ئەندامێتی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەبێت، دوای کۆتاییهاتنی لە ئەنجومەنی وەزیران، ڕەشنوسەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی شورای هەرێم دەکرێت، دواتر ئەنجومەنەكە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکاتەوە و پاشان ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و پەسەندکردنی.

بۆ بودجەی ئەمساڵیش، پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، ڕەشنوسی پڕۆژەیاساكەی ناردە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنەكە گفتوگۆكانی لەوبارەیەوە كۆتایی پێنەهێناوە و ڕەوانەی پەرلەمانی نەكردووە، لەكاتێكدا بڕیاربوو مانگی ئازار پرۆژەیاساكە ڕەوانەی پەرلەمان بكرایە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بریتییە لە خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی (دارایی و ئابوری، کاروباری پێشمەرگە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان) و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لەگەڵ لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری و لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

تەوەرێکی دیکەش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک دەبێت سەبارەت بە ڕەشنووسی پرۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان – عێراق)، کە لە (197) ماددە پێکهاتووە.

بابەتی پێشتر

ئێران دووبارە نەیتوانی مانگی دەستكرد ڕەوانەی بۆشایی بكات

بابەتی دواتر

دوێنێ دوو شاری عێراقی لە گەرمترین شارەكانی جیهان بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share