دۆسیەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی سلێمانی لە بەردەم دادگادایە و وتەبێژی هێزەكانی 70ش دەڵێت، “دادگا هەر بڕیارێك بدات ئێمە ملكەچین و وەك خۆی پەیڕەوی دەكەین”.
ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دوای لێكتێنەگەیشتنەكەی شەوی ڕابردوو لە سلێمانی كە بەداخەوە بووە هۆی برینداربوونی 12 كەس، كێشەكە لەئێستادا لە دەست دادگادایە و پۆلیس بەدواداچوون لەسەر سەرچاوەی ڕووداوەكە دەكات و دادگاش حوكم و بڕیاری خۆی دەدات.
وتیشی، “دادگا هەر بڕیارێك بدات ئێمە ملكەچین و وەك خۆی پەیڕەوی دەكەین”.
دەربارەی دەنگۆی چارەسەركردنی كێشەكە لە دەرەوەی دادگا ئەحمەد لەتیف ئەوەی خستەڕوو، چارەسەرەكە تەنها ئەوەیە كە گرژی نەماوە و هەردوولا چ هێزە ئەمنییەكانی ناوشار، چ لیواكەی كۆماندۆ بەڵێنیانداوە ملكەچبن بۆ هەر بڕیارێك كە دادگا بیدات.
دوپاتیشیكردەوە، “هیچ شتێك لە دەرەوەی دادگا چارەسەر ناكرێت”.
وتەبێژی یەكەی 70 ئاشكراشیكرد، بریندارانی هێزەكانی ئاسایش سكاڵایان تۆماركردووە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو لەنێوان هێزەكانی ئاسایش و هێزێكی لیوای كۆماندۆی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگە گرژی و شەڕەتەقە ڕوویدا و بەهۆیەوە 12 كەس برینداربوون.