شاندێكی عێراقی سەردانی توركیا دەكات بەمەبەستی گفتوگۆكردن دەربارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاو كە بووەتە گرفت بۆ ژمارەیەك لە دانیشتووان.
سایتی (ahval)ی توركی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، گفتوگۆكان لەبارەی ئەو پرسەوە “هونەری” دەبێت.
وەك ئەوەی پێشتر بڵاوكرایەوە شاندەكە ئەمڕۆ سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێدەكات.
لای خۆیەوە حەنان حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، گەشبینە بە چوونەپێشەوە لەو پرسەدا.
عێراق ئێستا بەگشتی لە قەیرانێکی قوڵی ئاودایە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هۆکارەکەشی بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێتەوە بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو، یان پرۆژەی کشتوکاڵی.
پێشتر مەهدی ڕەشید، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، “لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا دەستپێدەکات سەبارەت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها چالاککردنی پرۆتۆکۆڵەکانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیا نییە لەسەر مافەکانی هەردوولا لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکاندا، بەڵام لەساڵانی پێشوودا چەند پرۆتۆکۆڵێكی هاوبەش لەنێوان عێراق و تورکیا هەبوون پەیوەست بەو سەرچاوە ئاوییانەی بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕن.
یەکێک لەو پرۆتۆکۆڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 لەنێوان هەرسێ وڵاتی عێراق، سوریا و تورکیا و تێیدا مەرجی ئەوە دانراوە، کە دروستکردنی بەنداو لە هەر وڵاتێکدا نابێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاوی لایەنەکانی دیکە.
ئەو ئاوەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بەردەدرێنەوە كێشەی بۆ سوریاش دروستكردووە.
لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە ڕێكخراوە ناوخۆییەكانی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ توركیا بە بەكارهێنانی ئاو وەك چەكێك لە هەڵمەتەكەیدا دژ بە یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوای كوردستان تۆمەتبار دەكەن.