جێگری سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی بەرنامە و پلانی حكومەت لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا پێنج وەزیری كابینەكەی كازمی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن بۆ لێپرسینەوە، دەشڵێت كازمی هەستی بە شكستی بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی كردووە و دەیەوێت بیانگۆڕێت.
محەمەد بەلداوی، جێگری سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی بەرنامە و پلانی حكومەت لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە، “پێنج داواكارییان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بۆ لێپرسینەوە لە پێنج وەزیری كابینەكەی مستەفا كازمی و پارێزگاری بانكی ناوەندی”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، كازمی دركی بەوەكردووە، كە بەشێك لە وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بەرنامەی وزاریی كابینەكەیان جێبەجێنەكردووە”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی بەرنامە و پلانی حكومەت لەئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردووەتەوە، كازمی بە تەواوی دركی بە شكستی بەشێك لەو وەزیرانە كردووە و بۆیە هەوڵی گۆڕینیان دەدات”.