وەزارەتی تەندروستی لەسەر گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونكردنەوە دەدات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەنگۆی داخستن یان فرۆشتن و پێدانی نەخۆشخانەی هیوا بە كەرتی تایبەت ڕەتدەكاتەوە و دوپاتیشیدەكاتەوە کێشە و کەموکورتی و پێداویستییەكان چارەسەردەكرێن.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت” و دەڵێت، “بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین کە ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی”.

دوپاتیشیدەكاتەوە، بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە “هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت” و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.

ئاسۆ حەوێزی ئاماژەشدەدات، هاوڵاتییان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستییەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەردەکرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکارییەک دەکەین بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

هۆكاری كشاندنەوەی بەشێک لە سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی لە عێراق چییە؟

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێکی هەدەپە: مەحاڵە هەواڵگری ئاگاداری هێرشەكەی سەر بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر نەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share