بەرنامەی خۆراكی جیهانی پێشبینی دەكات لەم مانگەدا ژمارەی ئەو كەسانەی لە بەردەم مەترسیی برسێتیدان، بۆ 41 ملیۆن كەس بەرزببێتەوە، لەكاتێكدا سەرەتای ئەمساڵ 34 ملیۆن كەس بوون.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) هۆشداریشیدەدات لەوەی بەبێ هاریكاریی بەپەلەی خۆراكی، ئەو كەسانە ڕوبەڕووی برسێتی ڕاستەقینە دەبنەوە.
ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە ڕۆژی هەینی لە جنێڤ بڵاویكردەوە، هۆشداری ئەوەشدەدات برسێتی بەهۆی ململانێكان و گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و ئاڵنگارییە ئابورییەكان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، دەشێت ببێتە ڕاستییەكی بنەڕەتی بۆ ملیۆنان كەس.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكانیشیان، لەمڕۆدا زیاتر لە 270 ملیۆن كەس گرفتاری نەبوونی ئاسایشی خۆراكن، یاخود لە ساڵی 2021دا ڕوبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە.
ڕێكخراوی (WFP) ڕونیشیكردوەتەوە، پێویستی بە پێنج ملیار دۆلارە بۆ ساڵی 2021 بۆ دەربازبوون لە برسێتی و پڕكردنەوەی پێداویستییە خۆراكییە بەپەلەكان بۆ ئەو كەسانەی زۆرتر لەبەردەم مەترسییەكەدان، كە ئەمەش بڕی یەك لەسەر سێی پێداویستییەكانی ئەمساڵی ڕێكخراوەكە دەگرێتەوە، كە سەرجەمی دەگاتە 15 ملیار دۆلار.
س: ئاژانسەكان