ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیوویانە چەند کەسێک دەستگیربکەن کە تۆمەتبارن بە کوشتن و پاشان سوتانی ژنە چالاكوانەكەی سلێمانی لە ناوچەی عەزیزئاوا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان دوای ئەوەی لەڕۆژی 10-6-2021 ئاگادارکرانەوە بەبوونی تەرمێکی سوتێنراو لەنزیک گوندی عەزیزئاوا، پاش ئەوەی هێزەکانمان چونە شوێنی ڕووداوەکە، بە فەرمانی دادوەر دەستبەجێ دەستکرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچون، توانرا چەند سەرەداوێک بدۆزرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە،”لەئەنجامی لێکۆڵینەوەدا لاشە سوتێنراوەکە ناسرایەوە کە ژنێکە بەناوی (ب ، ع، ح ) لەدایکبوی ساڵی 1990، تۆمەتباران سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوه دەستگیرکران”.
ئاسایشی سلێمانی لەڕونكردنەوەكەیدا باسیلەوەشکردووە، “تۆمەتبارەكان بەناوەکانی (پ، ع، ح) لەدایکبوی ساڵی 1985 سلێمانی، (م، ع، ح) لەدایکبوی ساڵی 1988، (ب، ج، ج) لەدیکبوی ساڵی 1996، دانیان بەوەداناوە، کە لەڕۆژی 10-6-2021 تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە لەسەر کێشەیەکی کومەڵایەتی هەستاوە بەبردنی تاوانلێکراو بە ئۆتومبێل و بردنی بۆ دەرەوەی شار، لەکاتی سەرخستنی لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنەکە بەرەنگاری بووەتەوە و لەلایەن تاوانبارەکەوە بەسێ گولە کوژراوە”.
ئەوەشیخستووەتەڕوو،”تۆمەتباری سەرەکی دواتر تەرمەكەی بردووەتە چۆڵەوانییەکی نزیک گوندی عەزیزئاوا و سوتاندوویەتی، لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دوو تۆمەتبارەکەی تر بەتۆمەتی پێدانی چەک و هاوکاریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا، بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامه”.