هەڵمەتی پایزەی دارچاندن لە هەولێر دەستیپێكرد و پارێزگاری شارەكەش دەڵێت، زیاتر لە 60 هەزار دار دەچێنن و لە بەهاری داهاتووش هەڵمەتێكی دیكە ئەنجامدەدەن.
لە وتەیەكیشدا فرسەت سۆفی ڕایگەیاند، “دەستمانکرد بەهەڵمەتی پایزەی دارچاندن و بۆ بەهاریش هەڵمەتێکی دیکە ئەنجام دەدەین، بۆ هەڵمەتی ئەمڕۆ لەسەرووی شەست هەزار دار بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی پارک و باخچەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دەچێنین”.
وتیشی، “لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پارک و باخچەکانیش ئامادەکاری پێویستکراوە بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتییەک بەهەر بۆنەیەکی خۆشی خۆیانەوە بێت، یان بەبۆنەی لەدایکبوونی منداڵەکانیان بێت وەکو یادەوەرییەک لەو شوێنانەی دیاریکراوە دارێک بچێنن و ساڵانە لەژێر سێبەری ئەو دارەدا یادی بۆنەکانیان بکەنەوە، بەمشێوەیە هەموومان هاوکاردەبین لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و دارچاندن لە شارەکەمان”.
بۆ هەڵمەتەكە هەریەك لە (پشت پارکی منارە و گەڕەکی هەولێری نوێ و گەڕەکی ڕۆشنبیری) دیاریكراوە.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی وت، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی دار بكەن بە کەلتور و بەشێک لە ژیان، تاوەکو بگەنە هەوایەکی پاک و شارێکی جوان ببینن.