سەرۆكی یەكێتیی زانایانی كوردستان: هیچ كه‌سێك به‌هۆی ئه‌نجامنه‌دانی حه‌جه‌وه‌ گوناهبار نابێت

سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاره‌كه‌ی سعودییه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانی پرۆسه‌ی حه‌ج شه‌رعییه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌شی به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ ناتوانن پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن، گوناهبار نابن.

عه‌بدوڵڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كوردستان له ‌په‌یامێكدا ڕایگەیاند، “ئه‌مساڵیش هاوشێوه‌ی ساڵی رٍابردوو به‌هۆی ڕێكاره‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پرۆسه‌ی حه‌ج بۆ موسڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی سعودییه‌ ئه‌نجام نادرێت، بڕیاره‌كه‌ش بڕیارێكی شه‌رعییه‌ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستی مرۆیی و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دراوه‌”.

وه‌یسی ئاماژەی بەوەشكردووە، “ده‌زانم ئه‌م بڕیاره‌ له‌سه‌ر دڵی ئه‌و خوشك و برایانه‌مان قورسه،‌ كه‌ به‌نیازبون حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له ‌ڕوانگه‌ی شه‌رعه‌وه‌ پێویست به‌ هیچ دڵه‌ڕاوكێ و هه‌راسانبون ناكات، چونكه‌ ئەوانەی ناویان له ‌تیروپشك ده‌رچو بوو، له‌به‌ر ئه‌و دۆخه‌ ناتوانن به‌شداربن، هیچ گوناهبار نابن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌وانه‌ و له‌هه‌مانكاتدا پاساوێكی شه‌رعیه‌، سه‌لامه‌تی مرۆڤیش له‌سه‌ر و هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌”.

شه‌ممه‌ی ڕابردوو، وه‌زاره‌تی حه‌ج و عه‌مره‌ی سعودییه‌ ژماره‌ی حاجییانی ئه‌مساڵی به‌ 60 هه‌زار كه‌س دیاریكرد و ڕایگه‌یاند، ئه‌مساڵیش به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ڕێگه‌ به‌ حاجییانی ده‌ره‌وه‌ سعودییه‌ نادرێت حه‌ج بكه‌ن.

بابەتی پێشتر

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: پاراستنی پارتی بەبێ هۆکار خەڵکی ڕفاندووە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی هەولێر: بەهۆی پێچکردنەوەیەکی هەڵەوە کەسێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار