ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دستگیرکردن و سەرکوتکردنی کەسانی ناڕازی لە هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ئاژانسی پاراستنی پارتی خەڵکی بەبێ پاساو ڕفاندووە و لە دادگاکان بەبێ بوونی بەڵگە سزای ئەو کەسانە دراوە”.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم ڕایگەیاندووە، “دوای ئەوەی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری هەرێم دەستیپێکردووە، خەڵکێکی زۆر بەبێ بوونی پاساوی یاسایی دەستگیرکراون، بەتایبەت لە ناوچەی بادینان هێزە ئەمنییەکان 100 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە و کە 30 کەسیان ئازاد نەکراون”.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئاماژە بە دەستگیرکردنی 14 کەس دەکات لە شاری دهۆک کە 3 کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون و 11 کەسیان چالاکی مەدەنی و باسی لەوەشکردووە، کە ئاژانسی پاراستنی پارتی هەڕەمەکی خەڵکی دەستگیرکردووە و بەشێک لە دەستگیرکراوانیش شوێن بزرکراون.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، بەشێک لە گیراوانی بادینان بۆماوەی سێ مانگ شوێن بزرماونەتەوە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.
لە باسی سزادراوانی بادیناندا لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، “بەبێ بوونی هیچ پاساوێکی یاسایی پێنج دەستگیرکراو بۆ ماوەی شەش مانگ سزادراون و بڕیارە نادادپەروەرەکەی دادگای هەولێر بووەتە هەڕەشە و ترساندن بۆسەر ڕۆژنامەنووسانی دیکە و چەندین کەسی دیکە لەترسی حاڵەتی هاوشێوە ناوچەی بادینانیان جێهێشتووە”.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە داگاکان دەکات، یاساکان خراپ پێناسە نەکەن و بەکاری نەهێنن بۆ سەرکوتکردن و دەستگیرکردن و ئازاردان.
کلیک لێرە بکە و تەواوی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بخوێنەرەوە