ئەندامێكی شاندی ئاشتی: ڕێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێم دیكتاتۆریەتی توركیامان بەبیردەهێنێتەوە

حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە ڕێگریكردن لەو شاندەی كەمپینێكی لەپێناو ئاشتی و دژ بە شەڕ ڕاگەیاند، ئەندامێكی شاندەكە دەڵێت، ڕێوشوێنەكانی ئێستای حكومەتی هەرێم شایەتی پەیوەندی نێودەوڵەتی فەرمی نییە و دیكتاتۆریەتی توركیامان بەبیردەهێنێتەوە.

بەشێك لە ئەندامانی ئەو شاندەی لە ئەڵمانیاوە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و ڕاگەیاندنی كەمپینێك گەیشتنە هەولێر ئەمڕۆ لەو هۆتێلەی تیایدا ماونەتەوە كەمپینەكەیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕاگەیاند، كە بڕیاربوو ڕاگەیاندنەكەی لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بێت.

بەپێی میدیا جیهانییەكان، نزیكەی 30 كەس لە هێزە ئەمنییەكان بە چەكەوە ڕێگرییان لە شاندەكە كردووە، كە لە نزیكەی 70 كەس پێكدێت، و لەناو هۆتێلەكەدا بە دەستبەسەركراوی هێشتویاننەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ چاویان بە سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كەوتووە.

وۆڵف مایەر، ئەندامی شاندی ئاشتی ڕایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان شایەتی پەیوەندی نێودەوڵەتی فەرمی نییە، نەك دیموكراسیەتی مەدەنی بەڵكو دیكتاتۆرییەتی توركیامان بەبیردەهێنێتەوە.

ئەوەشی وت، “دەستبەسەركردن و ڕەوانەكردنەوەمان بە پشتیوان و ڕەزامەندی حكومەتی ئەڵمانی بووە، داوای ئازادكردنی سەرجەم دەستبەسەركراوان و فەراهەمكردنی مافی خۆپیشاندان و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنە هاوبەشەكان دەكەین، داواش لە سەرجەم سەندیكاكانی كرێكاران دەكەین دەستەواژەی ڕوونیان هەبێت بۆ دۆخی ئێستای هەولێر”.

ئەمەش لەكاتێكدایە ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی شاندی ئاشتی پێشتر لە فڕۆكەخانەی دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیا و فڕۆكەخانەی هەولێر ڕێگرییان لێكرا و گەڕێندرانەوە، كە لەنێوانیاندا ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و چالاكوانی سیاسی و مەدەنی ئەو وڵاتە هەیە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کەمپەینی دەستپێشخەرانی نێودەوڵەتی بۆ بەرگری لە کوردستان دژی هێرش و داگیرکارییەكانی تورکیا ڕاگەیەندرا، كە بەشدارانی كەمپەینەكە، جگە لە كورد، نەتەوەی دیكەشیان تیدایە.

بڕیاربوو كەمپەینەكە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ڕابگەیەندرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان كرد، ناچار بەشدارانی كەمپەینەكە لەناو ئەو هۆتێلەی دەمێننەوە، كەمپەینەكەیان ڕاگەیاند، لەبەردەم هۆتێلەكەش ژمارەیەك هێزی ئەمنی بڵاوەیان پێكراوە.

كەمپەینەكە بەچەند زمانێكی جیاواز و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندرا، جگە لە ڕەخنەگرتنیان لە ڕێگریی هێزە ئەمنییەكان، ئاشكرایانكرد، ژمارەیان 150 کەسە، بەڵام بەهۆی ڕێگری و دیپۆرتکردنیانەوە، ئەمڕۆ تەنها 70 کەس توانیویانە کۆببنەوە بۆ ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە، هیواشیان خواست خەڵكی زیاتر بەشداریی كەمپەینەكە بكەن و فراوانتر بێت.

لەبارەی ئامانجی كەمپەینەكەشەوە وتیان، گەیاندنی دەنگی کورد و کۆکردنەوەی دەنگ و پشتیوانیی زیاترە بۆ کوردان و پاراستنی خاکی کوردستانە لە داگیرکاریی تورکیا، هەروەها شکاندنی بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپایە بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە.

بڕیارە بەشدارانی كەمپەینەكە سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، کە شەڕ و هێرشی توركیای لەسەرە و زیانیان بەركەوتووە، دەشچنە ئەو گوندانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە چۆڵکراون.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ڕێژەی ئەوانەی لە تەمەنی کارکردندان %57ە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: وا لە وەزیری دارایی تێگەیشتین لێبڕین و دۆخی موچە وەكخۆی دەمێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share