کاتی هاتووە.. مێسی کۆپا ئەمریکای 2021 بەدەستدەهێنێت؟

لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتین و یانەی بەرشلۆنە لەتەمەنی 34 ساڵیدا بەشداری کۆپا ئەمریکای 2021 دەکات، زۆرینەی شارەزایان پێیانوایە کاتی ئەوە هاتووە ناسناوە مێژووییەکەی ئەمریکای لاتین بخاتە هەگبەی دەستکەوتەکانیەوە.

کۆتاجار کە ئەرجەنتین ناسناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا (ساڵی 1993) مێسی تەمەنی تەنها شەش ساڵان بووە، یاریزانەکە، کە خاوەنی شەش خەڵاتی باڵۆندۆرە بەهیوایە یەکشەممەی داهاتوو لە بەرازیل بە باشترین شێوە دەستپێبکات و بۆ یەکەمجار لەمێژوویدا ناسناوەکە بچنێتەوە.

مێسی شەڕی کات دەکات

مێسی لە کاتیکدا کێبڕکێ بۆ بردنەوەی ناسناوەکە دەکات، کە لە 27ی حوزەیرانی 2021 تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆپای 2021 کۆتا کۆپایە لە ژیانی وەرزشیدا و دواتر سەرنجی خۆی دەخاتە سەر مۆندیالی 2022، کە بۆ یەکەمجار لە کەنداوی عەرەبی و وڵاتی قەتەر سازدەکرێت.

ناسناوێکی گەورە، کۆپا بێت، یان مۆندیال لە مێژووی جادووگەرەکەی ئەرجەنتیندا گرنگە بوونی هەبێت، تاوەکو بە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی هاونیشتیمانی بەراورد بکرێت و چیتر لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە کەمتەرخەم بۆ وڵاتەکەی وەسفنەکرێت.

ناسناوە گەورەکان، بەڵام..

مێسی ناسناوی مۆندیالی بۆ خوار تەمەنی 20 ساڵان لە ساڵی 2005بەدەستهێناوە، هەروەها پلەی یەکەم و میدالیای ئاڵتونی ئۆڵۆمپیادی 2008ی بەدرێسی “ئالبی سیلیتی”یەوە خستووەتە هەگبەی دەستکەوتەکانیەوە.

مۆندیالی 2014 گەیشتە فاینەڵ و نزیکبوو لە بەدەستهێنانی ناسناوەکە، بەڵام بە گۆڵێکی ماریۆ گۆتزە بەرامبەر ئەڵمانیا شکستیانهێنا.

ئەفسانەکە بەدرێسی بەرشلۆنەوە 35 ناسناوی چنیوەتەوە، بەڵام کوڕە ناوازەکەی ڕۆزاریۆ هێشتا بەلای هاندەران و شارەزایانی تۆپی پێی ئەرجەنتینەوە خاوەن دەستکەوت نەبووە.

مێسی سێجار بە فاینەڵی کۆپا ئەمریکا گەیشتووە، ساڵی 2007 بە سێ گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر بەرازیل شکستی تۆمارکرد، دووجاریش بەرامبەر چیلی (2015 و 2016) بە لێدانی سزا ناسناوەکەی لەدەستداوە.

ئەمساڵ کێ پاڵپشتی دەکات؟

هەمیشە ئەرجەنتین لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا پاڵێوراوی ناسناوەکان بووە، لەم وەرزەشدا 2021 هاوشانی بەرازیل پاڵێوراوە.

ئەرجەنتین بەرامبەر بەرازیل دوو پێکهاتەی هاوتانین، سیلیساوەکان لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای لاتین شەش بردنەوەی لەسەریەکیان تۆمارکردووە و خاوەن بەهێزترین دوو هێڵی بەرگری و هێرشبەرن، لە بەرامبەردا ئەرجەنتین کەوتووەتە پلەی دووەمەوە و ئاستی هاوسەنگ نەبووە.

سەرەڕای ئەوەی لیۆ پێنج جار گۆڵکاری لالیگا و خاوەن زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتییە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بە 72 گۆڵ لە 144 یارییدا، بەڵام هێشتا سەماکەرانی تانگۆ پێویستیان بە تۆمارکردنی گۆڵی زیاترە بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەکە.

ئەمساڵ پێکهاتەی ئەرجەنتین چەندین یاریزانی بەتوانای وەک ئەگوێرۆ و لاوتارۆ لەخۆدەگرێت، سەرەڕای ئەوەی ناوبراوان دەتوانن هاوشێوەی لویس سوارێزی سەردەمی بارسا هاوکاریبن، بەڵام هێشتا دەرەنجامی ئەم یەکگرتنەی سێ یاریزانەکە بۆ خودی سکالۆنی-ی ڕاهێنەر و هاندەران یەکلاکەرەوە نەبووە.

ئەوەی گرنگە، شارەزایان بەهۆی تەمەنی یاریزانەکەوە (34 ساڵ) پێیانوایە کاتی هاتووە ناسناوەی کۆپا ئەمریکا و مۆندیال بچنێتەوە، ئەگەرنا، بۆ هەتاهەتایە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ڕەخنەگران.

بابەتی پێشتر

كەجەكە: داوا لە لایەنەكان دەكەین بۆ ڕاگرتنی پارتی هەوڵەكانیان دەستپێبكەن

بابەتی دواتر

سەرۆکی بایرن میونشن هاندەرانی یانەکەی بێهیواکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share