لە ئێستادا کە سەرنجی زیاتر لەسەر زیانیگەیاندن بە دارستانەکانی نێوان هەرێم و باکوری کوردستانە، دارستانەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژهەڵاتیش قوربانی گرژییەکانی نێوان سوپای پاسداران و حزبە کوردییەکانە.
چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەی ناوبەناو لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژهەڵات دەگەڕەنێننەوە بۆ تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو ناوچانە.
بەم دوایانە چالاکی حزبە کوردییەکان، بەتایبەت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە ناوچەکانی شنۆ و مهابادا دەستیپێکردووەتەوە و سوپای پاسداران دەیەوێت چالاکی و جوڵەی پێشمەرگەکانی (حدکا) ڕاگرێت.
بەپێی لێدوانێکی سەعدی نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، “لە ماوەی ساڵێک و چەند مانگێکدا زیاتر لە هەزار و 700 هێکتار لە دارستانەکانی سنوری پارێزگاکە سوتاون”.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە ئاشکراشیکردووە، “لە ماوەی ئەو ساڵەدا 36 دۆسییەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگاکانی پارێزگاکە تۆمارکراوە”.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ناوچە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوان.
بە هەمان شێوە لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و ورمێ دۆسییەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان ساڵانە دۆسییەکەی زیندووە.